جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: له‌گه‌ڵ ئەوەدام بارزانی سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای حزبە سیاسییەکان بێت

‌جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا

وێستگه‌ نیوز ـ
جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ هاوكات ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌ باس له‌بۆچونی حزبه‌كه‌ی ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێك بۆ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، هاوكات رای حزبه‌كه‌ی له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌ وه‌رده‌گرێت له‌داهاتوودا ئاشكرا ده‌كات.


جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا وتی: "لەڕاستیدا من هیچ زانیارییەکم نیە لەسەر ئەو ئەنجومەنە یا هیچ باسێک کرابێت لەمەکتەبی سیاسی یا سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەڵام هەمووان دەزانین کە ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان، هەروەها حکومەت هەیە کە ئەمانە هەمووی بە یاسا رێکخراوە، هەریەکە کاری خۆی هەیە و لە بواری خۆیدا کاردەکات".

وتیشی: "ئەگەر ئەنجومەنێک دروست ببێت کە دەستی حکومەت و پەرلەمان ببەستێت و دەست وەربدارتە کاروباری ئه‌و سێ دامەزراوەیە (سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان هەروەها حکومەت) ئەوا بەڕاستی من پێم باش نیە، چونکە هەریەک لەو سێ دامەزراوەیە کاری خۆیان هەیە و سەربەخۆن لەو کارانەی پێیان دراوە، بەڵام خۆ ئەگەر ئەنجومەنێکیش بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و یەکڕیزی میللەتەکەمان و رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە و گوڕەشانەی لەدەرەوە لەمیللەتەکەمان دەکرێت، یا کۆدەنگیەک بێت بۆ گەیاندنی دەنگی میلەتەکەمان بەهەموو دنیا من بەو شێوەیە پێم باشە بەمەرجێک دووربێت لە دەستوەردان لەکاروباری حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم، چونکە پەرلەمان نوێنەری خەڵکە و خەڵک دەنگی پێداون و ئەو حیزبە سیاسیانە خۆشیان دەنگیان پێداون".

جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم روونیکردەوە: "ئەگەر بۆ کۆدەنگی بێت، چونکە ئێستا رەنگە هەر حزبێک پەیوەندی هەرێمی سەربەخۆی هەبێت، ئەگەر بۆ ئەوە بێت کە ئەم حزبانە یەک دەنگی و یەک رەنگی پەیدا بکەن بۆ چارەسەری ئەو کێشە ناوخۆییانەی کە هەیە لەنێوان لایەنە سیاسیەکان خۆیاندا، بێن بەرەیەک یا ئەنجومەنێک دروست بکەن بێن دەنگی میللەتەکەمان بەهەموو دنیا بگەیەنن بەڵام نەک بەشێوەیەکی رەسمی کە بەیاسا رێکخرابێت بەڵام وەک دەنگی میللەت و سەرکردایەتی سیاسی ئەم میللەتە من بەم شێوەیە پێم باشە".

سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تی كردنی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ده‌ڵێت" کاتێک ئەنجومەنە دروستکرا بۆ سەرۆکایەتی کردنی ئەو ئەنجومەنە دەکەوێتە سەر ئەوەی چۆن و لەسەر کێ رێکدەکەون، واتە دەکەوێتە سەر رێککەوتنی لایەنەکان".

هەروەها جەختیکردەوە: "من هەموو یەکڕیزییەکی ئەم میللەتەم پێ باشە جا بەهەر رێگایەک هەیە، لەژێر سێبەری هەر ناوێکدا هەیە تەنها ئەوە دەڵێم دەستوەردان لەکاروباری حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمان هێڵێکی سوور بێت ئەگەرنا یەکڕیزی لەژێر هەر ناو سێبەرێکدا بێت وە هەرکەس بەرپرسی بێت من پێم باشە".

جەعفەر شێخ مستەفا باسی لەوەشکرد: "ئەگەر بڕوانینە رابردوو کە بەڕه‌حمەت بێت جەنابی مام جەلال، لەگەڵ کاک مەسعود لەگۆڕەپانەکەدا بوون توانیبویان رۆڵێکی باشیان هەبێت لەکۆکردنەوەی هەموو لایەنەکان بەڵام ئەمڕۆ کەجەنابی مام جەلال، کۆچی دوایی کردووە هەر جەنابی کاک مەسعود ماوە، کاک مەسعود دەتوانێت هەستێت بەو کارە".

لە بارەی ئەوەی ئامادەن وەک یەكێتی ئەو داوایە لەبارزانی بکەن كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بكات (وه‌ك محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ده‌ڵێت ته‌كلیف له‌ بارزانی بكه‌ن؟

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت" نەگەیشتوەتە ئەوکاتە، هەرکات گەیشتە ئەوکاتە هەرکاتێک بوو ئێمە هیچ کات رێگریمان لە کاک مەسعود نەکردووە، کاک مەسعود ئەمڕۆ سەرکردەیەکی دیاری میللەتەکەمانە سەرۆکی ئەم هەرێمە بووە لەپێشتر لەبەر ئەوە هەرکات کاتی هات ئەوکات یەکێتی بۆچونی خۆی دەدات، پێشم وایە هەرشتێک لەبەرژەوەندی میللەتەکەمان بێت بۆ یەکڕیزی یەکێتی پشتگیری بکات".

راشیگەیاند: "ئێمە پێشتر بۆ کاک مەسعود کارمان کردووە و دەنگمان پێداوە ببێتە سەرۆکی هەرێم، مام جەلال بەهەموو توانایەکیەوە لەدەرەوەی یەکێتی-ش کاری کردووە بۆ ئەوەی کاک مەسعود، ببێتە سەرۆکی هەرێم لەهەموو خولەکاندا، له‌ درێژکردنەوەی خولەکانیدا بەدەنگی یەکێتی نیسابەکە تەواو بووە کەدەنگمان داوە بۆ ئەوەی یا سەرۆکی هەرێم بێت یا دەورەکەی بۆ تازە بکرێتەوە".

دەشڵێت: "بۆیه‌ ئەگەر ئێستاش کاک مەسعود بیەویت ئەو رۆڵە ببینێت و ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنەکە هەموو لایەنە سیاسیەکان کۆبکاتەوە و یەکڕیزی کورد بپارێزیت بێگومان وه‌ك یه‌كێتی هەمان هەڵوێستی رابردومان دەبێت ئەوا یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەمان هەڵوێستی دەبێت وەک لە رابردوو بومان".


AM:09:42:11/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 6684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو