شێخ جەعفەر: بەهۆی ململانێی ناشەریفانەی پارتی و یەکێتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی‌ 16ی‌ ئۆکتۆبەر نەکراوە

‌شێخ جەعفەر شێخ مستەفا

وێستگه‌ نیوز ـ

جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە رایگه‌یاند، بەهۆی ئەو ململانێ ناشەریفانەی لە گۆڕەپانەکەدا هەیە بەتایبەت لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هیچ لێکۆڵینەوەیەک له‌ رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر نەکراوە، دەشڵێت" بەدڵنیایی ئەگەر لێکۆڵینەوە بکرایە لەو بابەتە 16ی ئۆکتۆبەر، رەنگە خەڵکانێک کە کوردن تێوە بگلانایە کە لەگەڵ عیراقیەکاندا دەستیان تێکەڵ کردبێت و هاوکاری و هەماهەنگی عیراقیان کردبێت بۆ هاتنەوە بۆ ناو کەرکوک، بەڵام ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و فەرماندەکانی بەخیانەت تۆماتبار دەکات ئەوە غەدرێکی گەورەیە دەیکات".


شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، له‌ لێدوانێكیدا بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەکەرکوک لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، وتی: "ئەوەشەڕە شکست و سەرکەوتنیشی تێدایە، کاک مەسعود و هەموو لایەکیش دەزانن 16 ی ئۆکتۆبەر چۆن بووە، پاشەکشەی هێزەکانی 70 و 80 چۆن بووە، چونکە ئەگەر پاشەکشە نەکرایە گەورەترین زەربە لەمێژووی پێشمەرگەدا بەر پێشمەرگە دەکەوت لەڕووی بریندار و شەهید و بەدیلگرتن".

فەرماندەی هێزەکانی 70 ی پێشمەرگە کە هێزەکانی و خۆی لەکەرکوک بوو لەو کاتەدا ئەوەشی وت: "هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەکراوە تا ئێستا، تا ئێـمە پێمان خۆش بوو لێکۆڵینەوە بکرێت، چونکە خیانەت لەلایەن هێزی پێشمەرگە و فەرماندەکانی هێزەکانی پێشمەرگەوە شتێکی ناڕاستە، تەنها مەگەر بۆ لەکەرداکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بێت، هیچ جۆرە خیانەتێک لەلایەن پێشمەرگە و فەرماندەکانی پێشمەرگە و فەرماندەی میحوەرەکانەوە نەکراوە، رەنگە واقیعێک هەبوبێت لەو ناوچەیە خەڵک شارەزایی نەبوبێت، بەڵام هیچ ئامادەکارییەک نەکرابوو و پێشبینی ئەوە نەدەکرا کە سوپای عیراق بەوشێوەیە هێرش بکات بۆیە بۆ پاراستنی هێزەکانی پێشمەرگە پاشەکشە کرا".

شێخ جەحفەر شێخ مستەفا وتیشی: "من نازانم خەڵکانێک هەبوبێت خیانەتیان کردبێت، بەڵام ئەوەی بوترێت فەرماندەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی پێشمەرگە وایان کردووە و دەرگایان بۆ هێزەکانی عیراق کردوه‌تەوە پێشڕەوی بکات ئەوە غەڵەتێکی زۆر گەورە و غەدرێکی زۆر گەورە لە فەرماندەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی پێشمەرگە دەکات".

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئاشکراشیکرد: "خۆی هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەکراوە، بێگومان ئەگەر لێکۆڵینەوە بکرایە لەوبابەتە رەنگە خەڵکانێک تێوە بگلانایە کە لەگەڵ عیراقیەکاندا دەستیان تێکەڵ کردبێت و هاوکاری و هەماهەنگی عیراقیان کردبێت بۆ هاتنەوە بۆ ناو کەرکوک".

روونیشیکردەوە: "ئەو کەسانەی تێوەدەگلان بێگومان ئەگەر لێکۆڵینەوە بکرایە کورد دەردەچوون چونکە بابەتەکە مەسەلەکە، هەر کوردە راستە عەرەب و تورکمانیش هاوکاربوون کە زۆربەیان لەپشتی سەنگەرەکانی پێشمەرگە حەشدی شەعبی بوون".

دەربارەی ‌ئەوەی بۆچی لێکۆڵینەوە نەکرا لەسەر 16ی ئۆکتۆبەر؟

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی: "نازانم بۆچی نەکرا، پەیوەندی بە ئێـمەوە نەبوو، بەڕاستی دەبوو حکومەت، پەرلەمان، سەرکردایەتی سیاسی کورد بڕیاری بدایەپێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی بدایە، جگە لە"موهاتەرات" و هێرشکردنە سەر سەری یەکتر و یەکتر شکاندن نەهاتن لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیە پێکبهێنن، بەڵام بەهۆی ئەو ململانێ ناشەریفانەی لە گۆڕەپانەکەدا هەیە بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە لێکۆڵینەوە نەکرا."

دەربارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەت بۆ شاری کەرکوک؟ فەرماندەی هێزەکانی 70 ی پێشمەرگە وتی: "هەوڵێکی زۆر هەیە لەلایەن هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریکا، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی بەرگری عیراق بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی هەیە ناوچەکە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عیراق بەڕێوەببرێت، چونکە داعش لەناوچەکە زیاتر لەپێشوتر بەهێزترە چالاکیان لەناو شار و دەرەوەی شار و سەرشەقامەکان بە ئاشکرا هەیە".

سەبارەت بەوەی ئایا حکومەتی عیراق بەفەرمی داوای لە پێشمەرگە کردووە بگەڕێنەوە شاری کەرکوک؟

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی: "نەخێر هیچ داوایەکیان نەکردووە، تەنانەت ئەگەر پێشیان بکرێت رێگە نادەن پێشمەرگە بگەڕێتەوە".

ڕاشیگەیاند: "هیچ هەنگاوێک بۆ چۆڵکردنی شاری کەرکوک لەلایەن حەشدی شەعبیەوە نەنراوە، بەپێچەوانەوە چەکدارانی ‌حەشدی شەعبی لەناو کوچە و کۆڵانەکانی کەرکوک بڵاوبونەتەوە مامەڵەیان زۆر ناشرینە خەڵکیان بێزارکردووە، تەنانەت خەڵک زیاتر لەوان دەترسێت وەک لەداعش."

هــ. ر



AM:11:55:15/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 3784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو