مووچه‌ی ئه‌م توێژانه‌ زیاد ده‌كرێت و ده‌چێته‌ سه‌ر به‌غدا

‌دیمەنی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە

وێستگه‌ نیوز ـ

مووچەی مانگانەی كه‌سوكاری شەهیدان و زیندانی سیاسی و بەركەوتەی كیمیایی و كەمئەندامی سەنگەر ده‌كرێتە یه‌ك ملیۆن و 200 هەزار دینار لەگەڵ چەند ئیمتیازێكی دیكە، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمیش روونكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌دات.


مەحمود حاجی ساڵح، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی رایگەیاند: "ئەو لیژنە هاوبەشەی لەنێوان حكومەتی هەرێم و عیراق بۆ هاوتای مووچەی شەهیدان و زیندانی سیاسی پێكهاتووه‌، رۆژی 5ی كانوونی یه‌كه‌می 2018، دواكۆبوونەوەیان كردوە و كۆنووسێكیان ئامادە كردوە و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كراوە بۆ دوو ماددەی دەستووری، ئەوانیش زیادكردنی مینحە و دۆسیەی زیندانی سیاسییە، قەرەبووكردنەوەی زیانەكانیش كە بە 384 ملیار دینار خەمڵێنراوە، بابەتێکی دیکەیە".

وتیشی: "ئەوەی پەیوەندی بە كوردستانەوە هەیە، واژۆیان لەسەر ئەو نووسراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردوە تا بدرێتە وەزارەتی دارایی بۆ جێبەجێكردنی، لەوانەش رێنماییەكان وەك بەغدای لێبكرێت بۆ هاوتاكردنەوەی مینحە و ئیمتیازاتەكان، پێشنیازیش كراوە وەزارەتی شەهیدان لە عیراق دروست بكرێت".

سەبارەت بە وارسی شەهیدان و زیندانی سیاسی و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی كە  بایۆمەترییان نەكردوە  و چارەنووسیان چی لێدێت، ناوبراو وتی: "لیستەكانی ئێمە بە بایۆمەترییە و ئەوانەی نەیانكردوە خۆیان بەرپرسن، شەش مانگە داوادەكەین بایۆمەتری بكەن، ئێستاش داوایان لێدەكەین بایۆمەتری بكەن و بۆیان جێبەجێ‌ دەكەین".
 
هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان و سەرۆكی لیژنەی وەزارەت بۆ هاوتای مووچە لەگەڵ حكومەتی عیراق رایگەیاند: بەپێی مووچەی هاوتای شەهیدانی كوردستان و عیراق، مووچەی مانگانەی شەهیدان و زیندانی سیاسی و كەمئەندامی سەنگەر و بەركەوتەی چەكی كیمیایی دەبێتە یه‌ك ملیۆن و 200 هەزار دینار، هەروەها ئیمتیازاتەكانی دیكەش وەك گەشت بكەن پێنج ملیۆنیان بۆ خه‌رج دەكرێت، دەتوانن لەسەر حسابی حكومەت حەج بكەن و و زەوییان پێدەدریت.

سەبارەت بە وادەی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، ناوبراو روونیكردەوە: لە دوا كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی عیراق سەرۆكی لیژنەكە بەڵێنیداوە نوسراو بۆ حكومەتی عیراق بكەن تا بتوانرێت لە بودجەی 2019 جێبەجێبكرێت.

هــ. ر


PM:02:26:08/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 7500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو