په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان: كه‌یسی داخستنی باره‌گاكانی ته‌ڤگه‌ری ئازاد ده‌به‌ینه‌ به‌غدا

‌پەرلەمانتارەکەی گۆڕان لەناو بارەی تەڤگەری ئازادی لە گەرمیان

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، کەیسی داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان دەگەیەننە وەزارەتی ناوخۆی عیراق، دەشپرسێت: "چۆن دەبێت حزبێک لە عیراق مۆڵەتی هەبێت و لە هەرێم بارەگای دابخرێت؟".


شەوی رابردوو، غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان، سەردانی ئەو چوار ئەندامەی تەڤگەری ئازادیی کرد، کە لەدوێنێوە لەناو بارەگای تەڤگەری ئازادیی لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان ماونەتەوە.

غالب محه‌مه‌د، به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: کەیسی داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی دەگەیەننە وەزارەتی ناوخۆی عیراق، چۆن دەبێت حزبێک مۆڵەتی لە عیراق هەبێت، بەڵام بارەگاكانی لە هەرێمی كوردستان دا بخرێت.

وتیشی: "بڕیاری داخستنی باره‌گاكانی ته‌ڤگه‌ری ئازاد هیچ جیاوازی نییە لە تۆپبارانكردنی ناوچەی قەندیل لەلایەن فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر هاوڵاتیان".

هەر شەوی رابردووش، شیرین ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، سەردانی ئەو ئەندامانەی تەڤگەری ئازادیی کردووە لەناو بارەگاکەیان لە شارۆچکەی کەلار.

لەسەر سەردانەکەشی، شیرین ئەمین لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: "ھیچ نووسراو و بەڵگەیەکی فەرمی لەبەردەست ئەندامانی تەڤگەری ئازادییدا نییە لە گەرمیان، کە لەژێر چی ناوێکدا و بەفەرمانی کێ بەمشێوە سزادەدرێن و ھەڵگری چ تاوانێکن، کە لەنێو بارەگای خۆیاندا ئەندامانیان دەستبەسەرن، کلیلی بارەگاکەش وەک تەزبیح لەنێو دەستی ئاسایشە و لە بێجەویدا لەبری تەسبیح خۆیان پێ سەرگەرم کردووە".

ئەو پەرلەمانتارە، دەشڵێت: "سەرلەبەری ئەم کردەوانەی ئاسایش و فەرمانی جێبەجێکاریش نایاسایین و قابیلی قەبوڵ نییە، پێشێلی مافی مرۆڤ و مافی حزب و شکاندنی شکۆی ئەندامانی تەڤگەرە، ناکرێت ئەم پرسە وا بە سادەیی لێی بڕوانین، پێویستە بەکۆی دەنگ لە بەرامبەر ئەم نایاساییەدا بێینە دەنگ".

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ ئاسایشی گەرمیان چوونەتە سەر بارەگای تەڤگەری ئازادیی لە کەلار و ئاڵا و تابلۆکەیان داگرتووە، هەوڵیشیانداوە بە زۆر ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی لە بارەگاکە دەربکەنە دەرەوە و بارەگاکە دابخەن، بەڵام چوار ئەندامی تەڤگەری ئازادیی لەناو بارەگاکەدا ماونەتەوە و لەلایەن ئاسایشەوە دەرگای بارەگاکەیان لەسەر داخراوە.

هەر دوێنێ بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی لە شارۆچکەکانی کفری و کۆیە لەلایەن ئاسایشەوە داخران، شەوی رابردووش بارەگاکانیان لە شارۆچکەکانی رانیە و قەڵادزێ و بارەگای رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان 'رژاک'یش لە شارۆچکەی رانیە لەلایەن ئاسایشەوە داخران.

هــ. ر


AM:10:22:29/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 1408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو