عادل عه‌بدولمه‌هدی‌: سبه‌ینێ‌ له‌گه‌ڵ‌ بارزانی‌ كۆده‌بمه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز –
سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ناكرێت له‌وه‌ زیاتر چاوه‌ڕوانی‌ ته‌واوكردنی‌ كابینه‌ی‌ وه‌زاری‌ بكه‌ن، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ سبه‌ینێ‌ له‌ به‌غدا چاوی‌ به‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌كه‌وێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق له‌ كۆنگره‌ی‌ هه‌فتانه‌ی‌ خۆیدا رایگه‌یاند كه‌ "ناكرێت له‌وه‌ زیاتر چاوه‌ڕوانی‌ ته‌واوكردنی‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌ت بكه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ وڵاتیش، عه‌بدولمه‌هدی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "داعش به‌رده‌وامه‌ له‌ جموجوڵه‌كانی‌ له‌ڕێی‌ شانه‌ نووستووه‌كانیه‌وه‌ و ئۆپه‌راسیۆنه‌كان بۆ له‌ناوبردنی‌ به‌رده‌وامه‌".

سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق سه‌ردانه‌كه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ بۆ به‌غدا به‌ ئیجابی‌ وه‌سف كرد و وتی‌: "سبه‌ینێ‌ پێنجشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ بارزانی‌ كۆده‌بمه‌وه‌".

رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكی‌ هاوپه‌یمانی‌ ئیسڵاح و ئیعمار و سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق جه‌ختیان له‌ ته‌واوكردنی‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌ت و په‌یوه‌ندی‌ به‌رده‌وامی‌ نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان كرده‌وه‌.

شه‌وی چوارشه‌ممه‌ 24ی تشرینی یه‌كه‌می 2018، په‌رله‌مانی عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی محه‌مه‌د حه‌لوبسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان دانیشتنێكی تایبه‌تی بۆ متمانه‌ به‌خشین به‌ كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عیراق سازكرد و تیایدا متمانه‌ی‌ به‌ 14 وه‌زیر به‌خشی‌، بێئه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی پەروەردەو ناوخۆ و پلاندانان و خوێندنی باڵاو داد و ڕۆشنبیری و كۆچ و كۆچبه‌ران و بەرگری یه‌كلا بكرێته‌وه و تا ئێستاش وه‌زیری‌ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ دیاری‌ نه‌كراون‌.


PM:09:09:21/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 1532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو