پۆلیسی سلێمانی: 114 تۆمه‌تباری سلێمانی له هه‌ولێرن
وێستگە نیوز -
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند: له‌لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێره‌وه هیچ نوسراوێكی ره‌سمیان بۆ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباری هه‌ڵاتوو پێنه‌گه‌یشتووه، ئاشكراشیكرد كه 114 تۆمه‌تبار كه فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان هه‌یه له‌لای پۆلیسی سلێمانی له‌ئێستادا له هه‌ولێرن و ده‌ستگیرنه‌كراون.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ عه‌مید ئاسۆ شێخ ته‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وه‌ڵامی لێدوانێكی لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێری دایه‌وه و رایگه‌یاند كه "له‌لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێره‌وه هیچ نوسراوێكی ره‌سمیمان بۆ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباری هه‌ڵاتوو پێنه‌گه‌یشتووه".
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی سلێمانی وتی: "هێزه‌كانمان چه‌ندین تۆمه‌تباری هه‌ڵاتووی شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم و ته‌نانه‌ت عیراقیشیان ده‌ستگیركردووه كه فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان هه‌بوه‌و نوسراومان ئاڕاسته‌كراوه بۆ ده‌ستگیركردنیان، بۆیه هه‌ركه‌سێك به‌ڵگه‌ی لایه له‌سه‌ر تۆمه‌تباران با هاوكاریمان بكات بۆ ده‌ستگیركردنیان".
عه‌مید ئاسۆ باسی له‌وه‌شكرد كه "114 تۆمه‌تبار كه فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان هه‌یه له‌لای پۆلیسی سلێمانی له‌ئێستادا له هه‌ولێرن و ده‌ستگیرنه‌كراون، له‌كاتێكدا چه‌ندینجار نوسراومان ئاڕاسته‌ی پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌ولێركردوه بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه".
ئه‌وه‌شی وت كه "ئه‌وانه‌ی له 17ی شوباتدا به‌تۆمه‌تی ته‌قه‌كردن له‌خۆپیشانده‌ران فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌رچووه، بۆ هه‌ولێر هه‌ڵاتوون و له‌وێن، هه‌رچه‌نده نوسراویشمان ئاڕاسته‌ی پۆلیسی هه‌ولێر كردوه بۆ ده‌ستگیركردنیان، به‌ڵام ده‌ستگیریان نه‌كردوون و له‌هه‌ولێر ئازادانه ده‌سوڕێنه‌وه".
باسی له‌وه‌شكرد كه له‌دوای ده‌ستبه‌كاربوونیانه‌وه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی سلێمانی، به‌هه‌ماهه‌نگی هێزه ئه‌منییه‌كانی دیكه‌ی سلێمانی، توانیویانه ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان هه‌بووه پێشتر، ده‌ستگیریان بكه‌ن كه ژماره‌یان زیاتر له 700 تۆمه‌تبار بووه‌و ته‌نها 39 تۆمه‌تباریان ده‌ستگیرنه‌كراون كه شوێنیان نادیاره.
وتیشی: "له ئێستادا شاری سلێمانی یادی 234 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ده‌كاته‌وه، ده‌بوایه پیرۆزباییان له هێزه ئه‌منییه‌كان و هاووڵاتییان بكردایه، نه‌ك له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا ده‌زگا ئه‌منییه‌كان تۆمه‌تبار بكه‌ن".
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راشیگه‌یاند كه "ئێمه جیاوازی له نێوان شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ناكه‌ین، هه‌مووی خاكی پیرۆزی كوردستانه‌و پاراستنی به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمان ده‌زانین".
رووبه عه‌مید عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت-یش وتی: "ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر فه‌رمانی گرتنی هه‌ر تۆمه‌تبارێكی لایه و هاتووه‌ته ئه‌م شاره داوای لێده‌كه‌ین بۆمان بنێرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستگیری بكه‌ین".
عه‌مید ئاسۆ ته‌ئكیدیشیكرده‌وه هیچ كه‌سێك نییه فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌بووبێت و له شاره‌كانی تره‌وه هاتبێته سلێمانی و ده‌ستگیرمان نه‌كردبێت.
ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه كه له دوای ده‌ستبه‌كاربوونیانه‌وه له شاری سلێمانی وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس "له ئۆپراسیۆنێكی فراواندا هێزه‌كانی پۆلیسی سلێمانی به هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كانی ئاسایشی و هێزه‌كانی 749 كه‌س فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌بووه، توانراوه 670 كه‌سی ده‌ستگیركراوه، 79 كه‌سیان ماوه، له‌و ژماره‌یه‌ش 40 كه‌سیان په‌ڕاویان ئاڕاسته‌ی دادگا كراوه، ته‌نها 39 تۆمه‌تبار ماوه ده‌ستگیربكرێن كه شوێنیان نادیاره، كه ئه‌وه شایه‌تی ده‌دات كه ئایا پۆلیسی سلێمانی كاری كردووه یان نا".
عه‌مید ئاسۆ راشیگه‌یاند كه "وته‌كانی عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر ته‌واو نا حه‌قیبوو به‌رامبه‌ر به سلێمانی و پۆلیسی سلێمانی".
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ عه‌مید عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كه "كۆمەڵێك كەس لە ھەولێر تاوانیان ئەنجامداوە و لە شاری سلێمانی لەلایەن بەرزترین دەسەڵاتی ئەمنی داڵدە دراون، چەندین جار بڕیاری دەستگیركردنیان رەوانەی سلێمانی كراوە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی قسە كراوە، بۆ ئەوەی ئەو تاوانبارانە رادەستی پۆلیسی ھەولێر بكەن، بەڵام بە داخەوە ئەو تاوانبارانە رادەست نەكراون".
PM:05:39:15/11/2018
ئه‌م بابه‌ته 1188
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت