جێگری سەرۆکی ئەمریکا: نادیە موراد شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوو

‌دیدارەکەی مایک پێنس و نادیە موراد لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی ئیڤانکا ترەمپی کچی سەرۆکی ئەمریکا

وێستگه‌ نیوز ـ
مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، نادیە موراد شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوو و بەو بۆنەیەشەوە پیرۆزبایی لێکرد.


پێنس وێنەی دیدارێکی خۆی و نادیە مورادی لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا ئیڤانکا ترەمپی کچی سەرۆکی ئەمریکا بەشدارە.

لە دیدارەکەدا کە لە کۆشکی سپی بەڕێوەچووە، مایک پێنس پیرۆزبایی لە نادیە موراد کردووە بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.

ناوبراو نووسیویەتی: "خۆتەرخانکردن و ئازایەتی نادیە بۆ هاوکاریکردنی قوربانیانی کارە دڕندانەکانی داعش ئیلهام بەخشە."

جێگری سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە نادیە موراد کچە کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش شایستەی خەڵاتەکە بووە.

رۆژی هەینی (5ی تشرینی یەکەمی 2018)، پەیمانگەی نەرویجی خەڵاتەکانی نۆبڵ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، لە مەراسیمێکدا کچە کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش و دێنیس موکوێگی پزیشکی کۆنگۆیی وەک براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەمساڵ ئاشکراکرد.

بەهای خەڵاتەکە یەک ملیۆن دۆلارە و رۆژی 10ی مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ لە ئاهەنگێکدا لە ئۆسلۆ دەدرێت بە نادیە موراد و دێنیس موکوێگی.

هــ. ر


AM:09:00:10/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 1752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو