توركیا له‌ باره‌ی راگرتنی دراماكانیه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

‌چەند ئەکتەرێکی دراما تورکییەکان

وێستگه‌ نیوز ـ
پاش بڕیاری راگرتن و قەدەغەکردنی دراما تورکیەکان لە کەناڵە عەرەبیەکان بەتایبەت کەناڵەکانی (ئێم بی سی) بەرپرسێکی تورکیا پلانی دووەمیان ئاشکرادەکات لەبارەی پەخشکردنی دراماکانیان.


ئوزتورک ئوران، بەرپرسی بڵاوکردنەوەی زنجیرە تورکیەکان بۆ وڵاتەکانی دەرەوە رەخنەی توندی‌ لە کەناڵەکانی (ئێم بی سی) سعودییە گرت دوای بڕیاری راگرتنی دراماکانیان  و وتی: "ئەم بڕیارە نابێتە رێگر لە بەردەم خەڵک لە سەیرکردنی دراما تورکیەکاندا بەهۆی هەبوونی کەناڵەکانی دیکە و ئینتەرنێت".

لە درێژەی قسەکانیدا ئەم بەرپرسە تورکە رایگەیاند: "ئەمە دەبێتە دەرفەرتێک تورکیا کەناڵی تایبەت بە نمایشکردنی زنجیرەکانیان بە زمانی عەرەبی بکاتەوە و ئەمەش یەکێک لە چارەسەرییەکان دەبێت، چونکە خەڵکی ئەو ناوچانە هاوسۆزییەکی زۆرییان بۆ دراماکانمان هەیە".

پێشتر کۆمەڵی کەناڵەکانی (ئێم بی سی) کە سەرچاوەی گەورەی دۆبلاژکردنی دراما تورکیەکان بوون لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا، لە بریارێکی لە ناکاودا تەواوی دراما تورکیەکان لە کەناڵەکانیان راگرت و پەخش کردنیان قەدەغەکران.

ئێم بی سی کە ماوەی چەندین ساڵە دەیان درامای تورکی دۆبڵاژکردووە و هۆکاری سەرەکی ناساندنی زنجیرە تورکیەکان بووە لە وڵاتەکانی کەنداو و عەرەبیەکان، لە بریارێکی لە ناکاودا دراما تورکیەکانی قەدەغەکرد و ئەرشیفی دراما تورکیەکانیشیان لە پێگەکانیاندا سرییەوە.

بەپێی زانیارییەکان لە جێگای ئەوان دراما بەڕازیلی و پاکستانیەکان دۆبلاژ دەکەن.

دەربارەی هۆکاری ئەم هەنگاوەی کەناڵەکانی (ئێم بی سی) سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ خراپی پەیوەندییەکانی وڵاتی تورکیا و وڵاتی سعودییە کە خاوەندارییەتی ئەم کەناڵانە دەکات.

هاوكات له‌ هه‌رێمی كوردستانیش كه‌ناڵی ئاسمانی كوردسات بڕیاری راگرتنی په‌خشكردنی سه‌رجه‌م دراما توركییه‌كانی راگه‌یاند.

هــ. ر


AM:11:01:07/03/2018


ئه‌م بابه‌ته 33571 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت