ئەشواق جاف: عەبادی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كه‌مكرده‌وه‌

‌جووتیارانیش قوربانی دەستی کێشەکانی نێوان بەغداو هەرێمن

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئاشكرایكرد، حەیدەر عەبادی، سه‌رۆك وه‌زیران بەنیازە پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران بۆ ساڵه‌كانی 2014 و 2015 كه‌م بكاته‌وه‌ و نرخی ته‌نێك گه‌نم وه‌ك نرخی ئێستای هه‌ژمار بكات، له‌كاتێكدا جووتیارانی عیراق پاره‌كه‌یان به‌بێ كێشه‌ وه‌رگرتووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای هه‌ڵوێستی سه‌رۆك كۆمارو دوو وه‌زیره‌ كورده‌كه‌ و 65 په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كه‌ی عیراق ده‌كات.


خاتوو ئەشواق جاف، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی پارتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "ئەمڕۆ پەیوەندیم بە وەزیری بازرگانی عیراقەوە كرد، لە وەڵامدا پێی راگەیاندم، كە سەبارەت بە پارەی 2017 تائێستا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر خەرجكردنی نەداوە، بەڵام پارەی 2016 بە بانكی رافیدەین و رەشید دراوە، ئەوەی ماوەتەوە شایستە داراییەكانی 2014 و 2015ی جووتیارانی هەرێمی كوردستانە، كە كێشەیان تێدایە".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئه‌وه‌ش وت: "تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەك بۆ ئەو دوو ساڵە دانەنراوە، چونكە كێشەی تیادایە، كێشەكەش ئەوەیە، دوو  قۆناغ پارە دراوە، كە 21 و 22% بوون، ئەوەی ماوەتەوە لە 17%ی پشكی هەرێمی كوردستان زیاترە".

ئه‌شواق ئاشكراشیكرد: "پێشتر یەك ته‌ن گەنم بە نزیكەی 560 هەزار دینار وەرگیراوە، حكومەت بەنیازە ئێستا ئەو نرخەی بگۆڕێت و بیكات بە 300 هەزار دینار، ئێمە پرسیاری ئەوەمان كرد، كە بە چی یاسایەك دوای سێ ساڵ لەوەرگرتنی گەنمەكە، نرخەكەی بكرێت بەنیوە، لەكاتێكدا گەنمی هەموو عیراق بە 560 هەزار دینار وەرگیراوە و گه‌نمه‌كه‌ی هه‌رێمیش وردبینی ته‌واو له‌ لیسته‌كانیدا كراوه‌".

ئەشواق جاف، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، داوای لەسەرۆك كۆماری عیراق و هەردوو وەزیرە كوردەكەی ئەنجومەنی وەزیران و 65 پەرلەمانتارە كوردەكەی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كرد، فشار بۆ سەر حه‌یده‌ر عەبادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق دروست بكەن، بۆ ئەوەی وەك مافەكانی تر، مافی جووتیارانی كورد نەفەوتێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "جووتیارانی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك جووتیارانی به‌غدا مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ پاره‌ی گه‌نمه‌كه‌یان به‌بێ كه‌مكردنه‌وه‌ و بێ كێشه‌ وه‌ربگرن".

هاوكات کۆی پارەی ھەرێم بؤ سالَةكاني 2014 و 2015 و 2016 كة بةغدا نةيداوة، 689 ملیار دینارە و بۆ ساڵی 2017 چل و حەوت ملیار دینارە، کۆی گشتی دەکاتە 736 ملیار دینار،. دوای سەرف کردنی ٧٠ ملیار دیناری ساڵی 2016 ئەوەی لای عيراق ماوەتەوە 666 ملیار دینارە.


PM:07:34:17/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 22836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو