نێچیرڤان بارزانی: قەرەبووی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە دەکەینەوە

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

وێستگه‌ نیوزـ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستا له‌ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە دەربەندیخان رایگەیاند: "بودجەیەکمان بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخانکردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکە لە دەربەندیخان".

هەروەك پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی دەربەندیخان و باشووری کوردستان و بوومەلەرزەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد. لەبارەی بەنداوی دەربەندیخانیش رایگەیاند، لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا رێکەوتوون بۆ ئەوەی لیژنەیەک بنێرن بۆ نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکە.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ سێشەممە 14ی تشرینی دووه‌می2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، لەگەڵ د. رێکەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستی، نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی، د. پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە، عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ بەسەرکردنەوە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون بۆ رەوشی لێقەوماوان و زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە سەردانی دەربەندیخانیان کرد، پاشان لەگەڵ قایمقام و یەکە ئیدارییەکانی قەزاکە کۆبوونەوە.

شەوی یەكشەممە 12ی تشرینی دووه‌می2017، بوومەلەرزەیەكی بەهێز هەر چوار پارچەی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكەی هەژاند، زۆرترین زیانیش لە باشووری كوردستان بەر قەزای دەربەندیخان کەوت، جگە لە رووخانی چەندین خانوو، هەر لەو قەزایەدا پێنج كەس گیانیان لەدەستدا‌و بە دەیانیش بریندار بوون. لەسەر ئاستی باشووری كوردستانیش بەهۆی بوومەلەرزەكەوە هه‌شت كەس گیانیان لەدەستدا ‌و 321 كەسیش بەهۆی ترسان و برینداربوونەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کران. 

لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەپێی دوایین ئامار تائێستا 235 کەس گیانیان لەدەستداوە حه‌وت هەزار و 370 کەسیش برینداربوون، هەزاران خانووش بەتەواوی داڕوخاون، بەم هۆیەوە لە دوێنێوە لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام بۆ سێ رۆژ و، ئەمڕۆش لە هەموو ئێران ماتەمینی گشتی راگەیه‌ندراوە.

هــ. ر


PM:01:39:14/11/2017


























ئه‌م بابه‌ته 3404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو