ڤیدیۆی ساتی ڕوودانی بوومەلەرزەکەی شەوی ڕابردوو لە بەنداوی دەربەندیخان


وێستگە نیوز -

ڤیدیۆی ساتی ڕوودانی بوومەلەرزەکەی شەوی ڕابردوو لە بەنداوی دەربەندیخان ، کە بەهۆیەوە لە بەنداوەکەدا چەند درزێک دروستبووە و چەندین بەرد لە چیاکانی دەوروبەری بەنداوەکەوە کەوتوونەتە خوارەوە.

گرتە ڤیدیۆییەکە لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێری بەنداوی دەربەندیخانەوە تۆمارکراون کە تێیدا دەردەکەوێت چەند بەردێک لە چیاکەوە دەکەونە خوارەوە و زیان بەر بەنداوەکە دەکەوێت.

هەروەها ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە ئێن ئاڕ تی وت، لە تەمەنی ٥٥ ساڵی بەنداوەکەدا، بوومەلەرزەی بەو شێوەیە لە بەنداوی دەربەندیخانی نەداوە، بەو هۆیەشەوە درزێکی ٤٥٠ مەتری لەسەر ئاستی سەرەوەی بەنداوەکەدا دروستبووە و چەندین درزی دیکەش دروستبووە بەشێوەی ئاسۆیی و ستوونی.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەئێستادا لێکۆلێنەوەکانیان لە زیانەکانی بەنداوەکە بەردەوامە و هەوڵدەدەن لێکۆڵینەوە لەو بەشەی بەنداوەکە بکەن کە لەژێر ئاوەکەدایە بۆ ئەوەی بزانرێت لە ئاستی خوارەوە کە فشاری زیاتر لەسەر بەنداوەکە هەیە چ زیانێک بەر بەنداوەکە کەوتووە.

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ڕەتیشیکردەوە کە ڕێژەی ئاوی بەنداوەکە بەهۆی بوومەلەرزەوە کەمیکردبێت و وتیشی، لە شەوی ڕابردووەوە بەرهەمهێنانی کارەبایان لە بەنداوەکەدا ڕاگرتووە، بەڵام لە ماوەیەکی نزیکدا دەستدەکەنەوە بە بەرهەمهێنانی کارەبا.

شەوى ڕابردوو بوومەلەرزەیەک بەگوڕی ٧.٣ پلەی ڕێختەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتى کوردستانى هەژاند.

وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بوومەلەرزەكەی شەوی ڕابردوودا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٣٥ كەسی دیکەش برینداربوون.


PM:01:28:13/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 15340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو