بڕیارده‌ری فراكسیۆنی گۆڕان ئه‌م خۆزگه‌یه‌ی بۆ ناردنی مووچه له‌لایه‌ن عه‌بادییه‌وه هه‌یه
وێستگه نیوز- پشتیوان جه‌مال
بڕیارده‌ری فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان هیواخوازه ناردنی مووچه له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقه‌وه ماوه‌یه‌كی زۆری پێنه‌چێت و زوو بڕواته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی، بڕیارده‌ری فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان به وێستگه نیوزی راگه‌یاند، حكومه‌ت و به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت چ هه‌ستێكیان هه‌بێت كه فه‌رمانبه‌ران به‌هه‌واڵی (به‌مزوانه‌ی ناردنی مووچه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادییه‌وه) شاگه‌شكه بن و ببێته هه‌واڵی نێو هه‌موو كۆڕ و كۆبوونه‌وه فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كان له‌فه‌رمانگه و شوێنه گشتییه‌كان.
ناوبراو روونیكرده‌وه، خه‌ڵكی كوردسنان له‌دوای بڕیاردانی سه‌ربه‌خۆیی ئابوری له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه له‌چاوه‌ڕوانی ژیانێكی ئاسووده و خۆشگوزه‌ران بوون، چونكه به‌رپرسان داتای گه‌وره‌یان راده‌گه‌یاند، به‌ڵام سه‌ربه‌خۆیی ئابوری نه‌ك خه‌ڵكی خۆشبه‌خت نه‌كرد، به‌پێچه‌وانه‌وه بووه‌هۆی نه‌هامه‌تی بۆ هاوڵاتیان و مووچه‌خۆران.
بڕیارده‌ره‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆرانی كوردستان به‌لایانه‌وه گرنگ و جێی بایه‌خه دابینكردنی مووچه و به‌ركه‌وته‌كانیه‌تی، ئیدی كێ دابینی ده‌كات و چۆن ده‌نێردرێت لای ئه‌وان مه‌به‌ست نییه.
ناوبراو وتی "خوازیارم ناردنی مووچه‌كه‌ی عه‌بادی كه هه‌ر ده‌وترێت به‌منزیكانه‌یه، زوو بڕواته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، نه‌ك وه‌كو به‌شێك له پڕۆژه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ند مانگێك بخایه‌نێت".
دوای رووداوه‌كانی مانگی رابردووی شاری كه‌ركوك و ناوچه ناكۆكه‌كان كه هێزه عیراقییه‌كان كۆنتڕۆڵیان كرده‌وه و زۆربه‌ی كێڵگه نه‌وتییه‌كان كه‌وتنه ده‌ست حكومه‌تی عیراق، عه‌بادی و په‌رله‌مانتارانی عیراق رایانگه‌یاندووه كه به‌منزیكانه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین ده‌كه‌ن، حكومه‌تی هه‌رێمیش پێشوازی له‌و بڕیاره كردووه.
PM:12:20:02/11/2017
ئه‌م بابه‌ته 8172
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت