سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق: فوئاد مه‌عسوم هیچ په‌یامێكی بۆ یه‌كێتی نه‌هێناوه‌


وێستگه‌ نیوزـ

نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق ره‌تیكرده‌وه‌ له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ سلێمانی، د.فوئاد مه‌عسوم هیچ په‌یامێكی حكومه‌تی عیراقی بۆ یه‌كێتی پێ بێت.

نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا راگه‌یاند كه‌ له‌كاتی سه‌ردانه‌ به‌په‌له‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار بۆ سلێمانی له‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی، د. فوئاد مه‌عسوم هیچ په‌یامێك یان داواكاری و مه‌رجێكی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراق و هیچ لایه‌نێكی ره‌سمی و نیمچه‌ ره‌سمیی پێ نییه‌ تا پێشكه‌شی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی بكات.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئامانج له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق بۆ تاوتوێكردنی دوا پێشهاته‌كانی قه‌یرانی ئێستا و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری خێرایه‌ كه‌ وڵات و گه‌لی عیراق له‌ مه‌ترسییه‌كان دوربخاته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌یه‌، ئه‌ویش به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لێكگه‌یشتن و گفتوگۆ له‌نێوان رۆڵه‌كانی یه‌ك گه‌ل و سه‌رۆك كۆماریش بیروبۆچون و بیرۆكه‌ی بنیادنه‌ری له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌.

پێشتر سایتی روداو بڵاویکردبوەوە کە سەرۆک کۆماری عیراق و سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانی كوردستان ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 13ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، سه‌باره‌ت به‌  مەترسیی دروستبونەوەی گرژی لەنێوان حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە لە سنوری کەرکوک کۆدەبنەوە.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بە روداوی راگەیاندبوو: "ئێوارەی ئەمڕۆ فوئاد مەعسوم، سه‌رۆك كۆماری عیراق دەگاتەوە سلێمانی و لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە، بەوهۆیەوە کۆبونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بۆ کاتێکی دیکە دواخرا."

بەهۆی هەڕەشەکانی حەیدەر عەبادی و حەشدی شەعبی، شەوی رابردوو تابەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، پێشمەرگە لە سەرتاسەری سنورەکانی کوردستان بەتایبەت لە سنوری پارێزگای کەرکوک لە ئامادەباشیدا بوو. 

به‌هۆی ئه‌و مه‌ترسییانه‌وه‌ کۆسرەت رەسول، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک و فەرماندە سەربازییەکان تاوەکو بەرەبەیان راستەوخۆ سەرپەرشتی دۆخەکەیان کردوە.


PM:10:32:13/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 3492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو