سه‌رۆك كۆمار و باڵیۆزی ئه‌مریكا داوای ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌ن

‌دیداری فوئاد مەعسوم و دۆگڵاس سیلیمان

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك كۆماری عیراق و باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا كۆبونه‌وه‌ و هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر ده‌ستكردن به‌ گفتوگۆی بنیادنه‌ر بۆ كۆتایی هێنان به‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.

سایتی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 12ی تشرینی دووه‌می 2017، فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌گه‌ڵ دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا كۆبووه‌ته‌وه‌ و له‌ دیداره‌كه‌یاندا باسیان له‌ په‌یوه‌ندیی دوو قۆڵیی نێوان هه‌ردوو وڵات و چۆنێتی پته‌وكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یان كردووه‌.

سه‌رۆك كۆمار و باڵیۆزی ئه‌مریكا تاوتوێی پێشهاته‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كانی عیراق و قه‌یرانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێریشیان كردووه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ د. فوئاد مه‌عسوم رایگه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌دژی تیرۆر به‌هۆی یه‌كگرتویی عیراقییه‌كان و سوربونیان له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ژیان له‌سایه‌تی ئازادی و دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ بووه‌.

سه‌رۆك كۆماری عیراق داوای له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش كردووه‌ له‌رێی كۆتایی هێنان به‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان به‌تایبه‌ت كێشه‌ی نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی له‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ بكه‌ن.

داواشیكرد هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ست به‌ دانوستانێكی بنیادنه‌ر بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئێستا و ده‌ستكه‌وته‌ نیشتمانییه‌كانیش بپارێزن.

هه‌رله‌و دیداره‌دا، دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا ستایشی سه‌ركه‌وتنه‌كانی عیراقی له‌دژی تیرۆر كردووه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر پشتیوانیكردنی عیراق كردوه‌ته‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، هانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیشی داوه‌ گفتوگۆیه‌ك ده‌ستپێبكه‌ن كه‌ كۆتایی به‌ ناكۆكییه‌كانی ئێستا بهێنێ و پشتیوان بێت بۆ سه‌قامگیریی ئه‌منی و سیاسی له‌ عیراقدا.

ر.ع


PM:06:17:12/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 3436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو