توركیا: ریفراندۆم هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه، سزای هه‌رێم ده‌ده‌ین
به‌كر بوزداغ
وێستگه نیوز ـ
وته‌بێژی حكومه‌تی توركیا هۆشداری دا له‌وه‌ی گه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، سزای ده‌ده‌ن.
به‌كر بوزداغ وته‌بێژی حكومه‌تی توركیا رایگه‌یاند كه "ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان له باكووری عیراق هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌وخۆیه بۆ سه‌ر ئاسایشی توركیا".
وته‌بێژی حكومه‌تی توركیا وتی: "خوازیارین هه‌رێمی كوردستان ریفراندۆمه‌كه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، تا ناچار نه‌بین سزا به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنین".
ئه‌م لێدوانه‌ی به‌كر بوزداغ دوای كۆبوونه‌وه‌ی حكومه‌تی توركیا به سه‌رۆكایه‌تی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان هات.
پێشتریش حكومه‌تی توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی سزای به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا كردووه گه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ریفراندۆم، به‌ڵام به‌كر بوزداغ زانیاری ده‌رباره‌ی جۆری سزاكان ئاشكرا نه‌كرد.
دوێنێ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌تێكڕای ده‌نگی 15 ئه‌ندامه‌كه‌ی دژایه‌تی خۆی بۆ ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان كه بڕیاره دووشه‌ممه‌ی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت، راگه‌یاند و هۆشداری دا له‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه تاكلایه‌نه سه‌قامگیری تێكده‌دات و پشتیوانی بۆ سه‌روه‌ری عیراق و یه‌كپارچه‌یی و سه‌لامه‌تی خاكه‌كه‌ی دووپاتكرده‌وه.
بڕیارە رۆژی 25-9-2017 ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، لە رۆژی 5ی ئەیلولیش بانگەشە دەستی پێكردووەو تا 22ی ئەیلول بەردەوام دەبێت.
هەرچەندە وڵاتی دراوسێ و وڵاته زلهێزه‌كانی جیهان دژایه‌تی خۆیان بۆ ریفراندۆم ده‌ربڕیوه و رایانگه‌یاندووه كه پشتیوانی ناكه‌ن و كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ش زیاتر ده‌كات، به‌ڵام به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتی و حزبه‌كانی تر جگه له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له 25ی ئه‌م مانگه‌دا كه چه‌ند رۆژێكی كه‌می ماوه، پرۆسه‌كه به‌ڕێوه‌بچێت.
AM:10:16:23/09/2017
ئه‌م بابه‌ته 4028
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت