حەسەن تۆران: ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێم ناده‌ستورییه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌به‌رچاو ناگیرێت

‌حه‌سه‌ن تۆران، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی یاسایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی یاسایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند كه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان ناده‌ستورییه‌ و رونیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر مافی جیابونه‌وه‌ به‌ هه‌رێم بدرێت، ئه‌وا واتای ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت هه‌مان ماف به‌ پارێزگاكانی دیكه‌ش بدرێت.

حه‌سه‌ن تۆران، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی یاسایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ی ئابی 2017 له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند رایگه‌یاند: ریفراندۆمی جیابونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، هه‌نگاوێكی ناده‌ستورییه‌ و له‌روی یاساییه‌وه‌ ناتوانرێت ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له‌به‌رچاو بگیرێت، چونكه‌ ده‌ستوری عیراق رێگه‌ به‌ جیاكردنه‌وه‌ی هیچ به‌شێكی وڵات نادات."

به‌وته‌ی حه‌سه‌ن تۆران، ئه‌نجامدانی ریفراندم له‌ئێستادا كه‌ شه‌ڕی داعش هه‌یه‌، مه‌ترسیداره‌، له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت هه‌ندێك له‌ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌ ریفراندۆمه‌كه‌دا به‌شداری پێ بكات، له‌وانه‌ كه‌ركوك و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سه‌ربه‌ موسڵ.

رۆژی 7ی حوزەیران، جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ، بارزانی و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کۆبوونەوە و بڕیاریاندا رۆژی 25ی ئەیلولی ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بگرێتەوە، بڕیاریشە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2017 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم ئەنجام بدرێت، بەڵام سەرۆکایەتیی‌ هەرێم لە داوایەکی‌ نوێدا داوای‌ لە کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردن و راپرسیی‌ هەرێم کردووە، کە هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان و سەرۆکی‌ هەرێم لە 1ی‌ تشرینی‌ دووەمی 2017دا ئەنجام بدرێت.

بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و پرسه‌ش له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا، دوانیوه‌ڕۆی دووشه‌ممه‌ 14ی ئابی 2017، شاندی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ریفراندۆم گه‌یشته‌ شاری‌ به‌غدا و بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق كۆببێته‌وه‌.

ئه‌و  وه‌فده‌ی كه‌  له‌ كۆبونه‌وه‌ی رۆژی‌ 12ی‌ ئابی ئەنجومەنی‌ باڵای‌ ریفراندۆمەدا، بڕیاری لێدرا بچێت بۆ به‌غدا، رۆژی دووشه‌ممه‌ لە فڕۆکەخانەی‌ هەولێرەوە بەرەو شاری‌ بەغدا بەڕێکەوت.

ئەندامانی‌ شاندە دانوستانکارەکەی‌ ئەنجومەنی‌ باڵای‌ ریفراندۆم پێکهاتوون لە، رۆژ نوری شاویس، ئەندامی‌ مەکتەبی سیاسی پارتی‌، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی‌ مەکتەبی سیاسی یەکێتی‌، ڤیان دەخیل ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ عیراق لە فراکسیۆنی‌ پارتی‌، فواد حسێن، سەرۆکی‌ دیوانی‌ سەرۆکایەتی هەرێم، محەمەد ئەحمەد، نوێنەری یەکگرتووی‌ ئیسلامیی‌ کوردستان، رۆمیۆ هەکاری نوێنەری‌ کلد و ئاشوور و ماجد بازرگان نوێنەری‌ تورکمانەکان.

رۆژی 12ی‌ ئابی 2017 شاندی ریفراندۆم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا لە کاتژمێر 11ی‌ پێش نیوەڕۆدا لە دیوانی‌ سەرۆکایەتی هەرێم لە شاری‌ هەولێر بە سەرپەرشتی رۆژ نوری شاوەیس کۆبوونەوە.

ئەندامانی‌ ئەو شاندە لە دوای‌ کۆبوونەوەکەیان، لە کاتژمێر 3ی‌ دوای‌ نیوەڕۆدا سەردانی‌ هەر یەک لە بارزانی‌ و کۆسرەت رەسوڵیان کرد لە پیرمام بۆ دیاریکردنی‌ کات و رۆژی‌ سەردانەکەیان بۆ بەغدا و لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە، کە شاندەکە لە 48 کاتژمێری‌ داهاتوی دوای كۆبونه‌وه‌كان بەرەو بەغدا بەڕێ بکەوێت.

بۆ تاوتوێکردنی‌ پرسی‌ ریفراندۆم، شانده‌كه‌ لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی‌ باڵای‌ حکومی‌ و حزبی‌ بەغدا کۆدەبنەوە و چاویشیان به‌ باڵێوزی‌ ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی‌ تر ده‌كه‌وێت.


AM:11:07:15/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 4103 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت