كۆمسیۆن بڕیاری خۆی لەسەر ریفراندۆم و هەڵبژاردندا


وێستگە نیوز-

کۆمسیۆن لەسەر ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنەکان وەڵامی بارزانی دایەوە و ڕایگەیاند، ڕۆژی 25 ئەیلول ڕیفراندۆم و ڕۆژی 1ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان ئەنجام دەدەن.

سەیاح کورەچی ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیاران بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی وتووه، ئەمڕۆ وەڵامی مەرسومەکەی سەرۆکایەتی هەرێم دەدەنەوە و ڕۆژی 25 ئەیلول ڕیفراندۆم و ڕۆژی 1ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان ئەنجام دەدرێن.

بارزانی ڕۆژی 8ی حوزەیران مەرسومێکی هەرێمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە.

بارزانی داوایکردبوو، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ڕۆژێک دەستنیشان بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەی یاسایی خۆیدا و ئامادەکاریش بۆ ئەو مەبەستە بکرێت.

بارزانی جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە کە "گشت دامەزراوە حکومییەکان و حزبییەکان بۆیان نییە بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان دەستێوەردان بکەن لە کاروباری بەرپرسان و سەرپەرشتیاران و ئەنجامدەرانی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان".

هەروەها داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، پابەندبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست و هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ جیبەجێکردنی فەرمانە هەرێمییەکە.

 


PM:01:48:14/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 5599 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو