بەهۆی‌ ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە 300 دۆنم پوش و پاوان و هه‌شت دۆنم ڕەز و باخ سوتان


وێستگه‌ نیوزـ

گه‌شه‌كردنی دارێک، چەند ساڵێک خزمەتکردنی‌ پێویستەه‌، بەڵام  بەهۆی‌ گوێنەدان بەرێنماییەکان و هەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتی‌ بەشێک لە هاوڵاتیان لە ماوەی‌ تەنها چەند کاتژمێرێکدا بە سەدان دارستانی‌ سروشتی‌ و ڕەزو باخی‌ هاوڵاتیان دەسوتێن و لەناو دەچن. 

ساڵانە چەند جارێک ئەو دیاردەیە دووبارە دەبنەوە، ئەگەر چی‌  کوژاندنەوە و کۆنترۆڵ کردنیان کارێکی‌ زەحمەتە به‌ڵام زیانێکی‌ زۆر بەسروشت و ژینگەی‌ کوردستان دەگەیەنێت و بەو هۆکارەوە له‌ سنوری‌ ماوەت و قەرەداغ زیاتر لە 300 دۆنم پوش و پاوان و هه‌شت دۆنم رەز و باخی‌ هاوڵاتیان سوتاوە .

عقیدی‌ پۆلیس هێمن کمرخان ئه‌فه‌ندی، بەڕێوەبەری‌ ڕاگەیاندنی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ دارستان و ژینگەی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ رایگەیاند: لەماوەی‌ هەفتەی‌ رابردودا سێ حالەتی‌ ئاگرکەوتنەوە لە قەرەداغ و ماوەت رویانداوە.

ئاماژەی بەوەشدا کە لەگەڵ ئەوەی‌ دەستبەجێ مەفرەزەکانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ دارستانی‌ (قەرەداغ و ماوەت) گەیشتنە شوێنی‌ ئاگرکەوتنەوەکە و به‌ هاوكاری‌ گوند نشینەکان تونراوە ئاگرەکان کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەوهۆکارەش زیاتر لە 300 دۆنم پوش و پاوان و هه‌شت دۆنم  رەز و باخی‌ هاوڵاتیان سوتاوە، لە سنوری‌ ماوەتیش هاوڵاتییه‌ك دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ هۆکاری‌ ئاگرکەتنەوەکان له‌هه‌ردوو سنوره‌كه‌دا بەردەوامە.

هێمن کمرخان ئه‌فه‌ندی راشیگەیاند: لەسنورەکانی‌  پۆلیسی‌ دارستانی‌ ( سلێمانی‌، سەیدسادق ، بنکەی‌ پیرەمەگرون) سێ هاوڵاتی‌ لەسەر دیاردەی‌ جۆراو جۆر دەستگیرکراون  و ژمارەیەک کەل و پەلیش دەستیان بەسەردا گیراوە،  لە سنوری‌ سلێمانی‌ زیاتر لە 150 فەردە غەڵوز ی‌ قه‌باره‌ جیاواز دەستی‌ بەسەردا گیرا و لە سنوری‌ سەیدسادق هاوڵاتییه‌ك دەستگیرکرا کە سەرقاڵی‌ ڕاوکردنی‌ باڵندەی‌ کێوی‌ بووه‌ و دەستیشگیرا بەسەر یەک چەکی‌ جۆری‌ تاپڕدا.

وتیشی: لەبنکەی‌ پیرەمەگرون دوو هاوڵاتی‌ دەستگیرکران کە سەرقاڵی‌ بیرلێدان بوون بەشێوەیەکی‌ نایاسایی‌ و دواتر دەستگیرا بەسەر یەک ئامێری بیرلێدان و تۆمەتباران و کەرەستەکانیان رادەستی‌ یاساکران بۆ لێپێچینەوەی‌ یاسایی‌.


PM:04:33:10/09/2017






ئه‌م بابه‌ته 6151 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو