هەموو شتێک لەبارەی کاتی خواردن و چۆنیەتیی وەرگرتنی ڤیتامینەکان
وێستگە ستایل-
باشترین كاتهكانی وهرگرتنی ڤیتامینهكان چ كاتێكه و چۆن دهبێت وهربگیرێت؟ دکتۆره ئەشکین پزیشکی دەرمانساز لهم بابهتهدا وهڵامی زۆر پرسیاری داوهتهوه لهبارهی ئهم بابهته.
1-باشترین کات بۆ خواردنی ڤیتامین D کەیە و هۆکار چییە؟
باشترین کات بۆ وەرگرتنی ڤیتامین D، لەگەڵ ژەمێکی چەوردایە، لەبەرئەوەی ڤیتامین D لە چەوریدا تواوەیە کاتێک لە گەڵ ژەمێکی چەور و سەرەکی وەردەگیرێت هەڵمژینی لە جەستەدا زیاد دەبێت و زیاتر سوودی لێ دەبینرێت، ئەم ژەمەش نیوەڕوان بێت باشترە.
- بەپێی بڕەکان چۆن بخورێت؟
باشترین بڕی ڤیتامین دی پێشنیازکراو لەنێوان ژەمی 600 بۆ 800 یەکەی نێودەوڵەتییە بۆ زۆربەی خەڵک، بەڵام بۆ ئەوانەی کێشەی کەمیی چڕیی ئێسکەکانیان هەیە، یان هەندێک نەخۆشی و دەرمان کە دەبنەهۆی کەمکردنەوەی ئاستی ڤیتامین دی بە شێوەیەکی بەرچاو. پێویستیان بە ژەمی زیاتر هەیە کە پێویستە لە ژێر چاودێریی پزیشکدا وەری بگرن. ڤیتامین D ئەگەر لەگەڵ کاڵسیۆم و ڤیتامین کەی وەربگیرێت، زۆر باشترە و کاریگەری و رێژەی هەڵمژینی یەکتر زیادەکەن.
2- باشترین کات بۆ خواردنی ڤیتامین B12 کەیە و هۆکار چییە؟
ڤیتامین Bـیەکان لە ئاودا تواوەن و تایبەتمەندی وریاکرەوەیان هەیە و وزە و چالاکیی جەستە زیاد دەکەن و زیندەچالاکی خێراتر دەکەن بۆیە واباشترە بەیانیان دوای ژەمێکی سووک بخورێت، نابێت لە شەواندا بخورێن لەبەرئەوەی دەبنە هۆی زڕاندنی خەو.
-چۆن بخورێت، بە دەرزی یان بە دەنکۆڵە؟ چەند رۆژ جارێک بەکاربێت؟
بۆ ئەوانەی کێشەی گەدەیان نییە دەتوانن بە دەنکۆڵە 'حەب' وەریبگرن، هەرچی ئەوانەی کێشەی گەدەیان هەیە دەتوانن بە شێوەی گیراوە وەریبگرن، لەبەرئەوەی هەرسکردنی بۆ گەدە ئاسانترە. دەتوانرێت بکرێتە پەرداخێک ئاو، یان شەربەتی فرێش بۆ ئەوەی تامێکی خوازراوتری هەبێت، بەڵام نابێت لەگەڵ شیردا تێکەڵ بکرێت.
هەروەها بەشێوەیەکی گشتی دەتواندرێت رۆژانە یەک دەنک دەنکۆڵە وەربگرن. سەبارەت بە B12 کە زیاتر بە شێوەی گیراوەی بچووک هەیە، یەک گیراوە لە رۆژێکدا، بەڵام ئەوانەی کەمیی ڤیتامینەکەیان هەیە، پێویستە لەژێر راوێژی پزیشک وەربگیرێن.
3-باشترین کات بۆ خواردنی مادەی ئاسن کەیە و لەدوای خواردنی، نابێت چ خواردنەوەیەک بخورێتەوە؟
مادەی ئاسن بە گەدەی بەتاڵ بخورێت باشرە و زیاتر لە لایەن جەستەوە هەڵدەمژرێت، بەڵام لەوانەیە هەندێکجار و لە هەندێک کەسدا ئازاری گەدە دروست بکات بۆیە دەتوانرێت دوای نانی نیوەڕۆ یان ئێواران بخورێت. بەمەرجێک لەو ژەمەدا خۆمان بپارێزین لە خواردنەوەی چا، قاوە و خواردنەوە گازییەکان.
4- ئەگەر مەڵتیڤیتامینەکان بە فەوار بێت بۆ کێ باشە؟ ئەگەر بە دەنکۆڵە بێت بۆ کێ باشە؟
تەواوکەری فرەڤیتامینەکان پێکهاتوون لە چەند ڤیتامین و کانزایەک بە بڕێکی دیاری کراو و پارێزراو کە دەکرێت وەک پارێزگاریکەر و تەواوکاری تەندروستیی جەستە بە گشتی بەکاربهێنرێن. بە دوو جۆری باو هەن ''دەنکۆڵە و فەوار''.
فرەڤیتامینی دەنکۆڵە 'حەب' بۆ ئەوانە گونجاوە کە توانای قووتدانی هەبێت و کێشەی گەدەی نەبێت، ئەوانەشی کە ئازاری گەدە، برینی گەدە و بەکتریای گەدە H paylori یان هەیە واباشتر بە شێوەی فەوار بیخۆن، لەبەرئەوەی لە لایەن گەدەوە ئاسان هەرس دەکرێت و هەڵمژینی خێرایە.
-باشترین کات بۆ خواردنی کەیە؟ هۆکار چییە؟
باشترین کات بریتییە لە بەیانیان یان نیوەڕوان پێش یان پاش نانخواردن لەبەرئەوەی تەواوکەری فرەڤیتامینەکان دەکرێت هەندێک ڤیتامینیان تێدابێت کە ببنە هۆی زراندنی خەو و وزە و چالاکی بە جەستە ببەخشن.
PM:12:11:15/05/2025
ئهم بابهته 204
جار خوێنراوهتهوه