ئەوەی دەبێت سەبارەت بە کۆرۆنا لۆمەی بکرێت مرۆڤەکانن نەک شەمشەمە کوێرەکان

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ وەرگێڕانى ئالان عەتوف


گۆشەگیر و شەوەکی و لەژمارەنەهاتوون – دەشێت شەمشەمەکوێرەکان سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بن. بەڵام هەندێ زانا گەیشتوون بەو دەرەنجامەی کە نابێت ئەم ئاژەڵە لۆمەی بکرێت لەسەر گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسەی کە بووەتە مایەی گۆڕینی ژیانی رۆژانە – بەڵکو ئەوەی دەبێت لۆمەی بکرێت مرۆڤەکانن.

ئاژەڵناسان و پسپۆڕانی نەخۆشی بە سی ئێن ئێنیان راگەیاند کە گۆڕانکاریەکان لە رەفتاری مرۆڤدا وەک (لەناوبردنی ژینگە سروشتیەکان و جووڵەی خێرای ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەسەر گۆی زەوی) بوونەتە هۆی گواستنەوەی خێرای ئەو نەخۆشیانە، کە رۆژێ لە رۆژان لەناو سروشتدا قەتیس بوون، بۆ خەڵک.

زانایان هێشتا دڵنیا نین سەرچاوەی ڤایرۆسەکە چیە، تەنها کاتێ سەرچاوەکەیان بۆ دەردەکەوێت کە ڤایرۆسێکی زیندوویان لە ئاژەڵە گومانلێکراوەکاندا دەست بکەوێت – کە ئەمەش کارێکی قورسە.

بەڵام ئەو ڤایرۆسانەی کە زۆر هاوشێوەی ئەو جۆرەن کە پێی دەڵێن کۆڤید-١٩، لە جۆرێک لە شەمشەمەکوێرەی چینیدا بینراوە کە پێی ئەڵێن شەمشەمەکوێرەی (Horseshoe). ئەمەش بووە وورژاندانی ئەو پرسیارانەی داخۆ چۆن ئەم نەخۆشیە لە جڤاتی شەمشەمەکوێرەکانەوە گوزراوەتەوە و بەسەر گۆی زەویدا بڵاوبووەتەوە لە کاتێکا مرۆڤ لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەستی بە شەمشەمەکوێرەکان ناگات. وەڵامەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە دەبێت بە تەواوەتی پێداچوونەوە بۆ چۆنیەتی مامەمەڵکردنمان لەگەڵ گۆی زەویدا بکەین.

زاناکان ئەڵێن شەمشەمەکوێرەکان تاکە شیردەرن کە دەتوانن بفڕن، ئەمەش رێگەیان پێ دەدات بە ژمارەی زۆر لە جڤاتێکەوە بەسەر ناوچەیەکی بەرفراواندا بڵاو ببنەوە. واتە لەتوانایاندا هەیە ژمارەیەکی زۆر لە ڤایرۆس یان نەخۆشی لەخۆیانا داڵدە بدەن. فڕینیش لای شەمشەمەکوێرەکان پێویستی بە برێکی زۆر لەچالاکی هەیە کە بووەتە هۆی ئەوەی سیستەمی بەرگریان زۆر ناوازە بێت.

"لە کاتی فڕیندا پلەی گەرمی لەشیان دەگاتە لووتکە کە هاوشێوەی تایە." ئاندرو کەنینگهام، پرۆفیسۆری پەتاناسی ژیانی کێوی لە کۆمەڵەی ئاژەڵناسی لەندەن، وای ووت. "ئەمە لانی کەم دووجار لە رۆژێکا لە شەمشەمەکوێرەکاندا روو ئەدات – کاتێ دەچنەدەرەوە بۆ خۆراک پەیاکردن و کاتێکێش دەگەڕێنەوە بۆ حەوانەوە. لەبەرئەوەی ڤایرۆسەکان لە شەمشەمەکوێرەکاندا پەروەردە بوون، بەرگەی ئەو پلەی گەرمیەی لەشیشیان دەگرن کە گەیشتووەتە لووتکە."

کەنینگهام ووتیشی کە ئەمە ئەگەری هەیە کێشە دروست بکات کاتێ ئەم نەخۆشیانە بۆ جۆر (نەوع)ەکانی تری ئاژەڵ ئەگوازرێنەوە. لە مرۆڤەکاندا، بە نموونە، (تا) میکانیزمێکی بەرگریە و دانراوە بۆ ئەوەی پلەی گەرمی لەش بەرزکاتەوەوە و ڤایرۆس بکوژێت. بەڵام ڤایرۆسیك کە لە شەمشەمەکوێرەدا پەرەی سەندووە لەوانەیە پلەیەکی گەرمی بەرزتری لەش کاری لێ نەکات.

بەڵام بۆچی ئەسڵەن نەخۆشی ئەگوازرێتەوە؟ کەنینگهام ئەڵێ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسانە و پێویستی بە هێنانەپێشەوەی دەستەواژەیەکی نامۆیە کە دەبێت لەگەڵی رابێین چونکە بووەتە مایەی گۆڕینی ژیانمان، ئەویش بریتیە لە " دزەکردنی درمە ئاژەڵیە گوزراوەکان".

"هۆکارە شاراوەکانی دزەکردنی درمە ئاژەڵیەکان لە شەمشەمەکوێرەکان یان جۆرە کێویەکانی تری ئاژەڵەوە هەمیشە ... هەمیشە پەیوەندی بە رەفتاری مرۆڤەوە هەبووە." کەنینگهام وای ووت. "چالاکیەکانی مرۆڤ هۆکاری ئەمەن."

کاتێ شەمشەمەکوێرەیەک تووشی سترێس ئەبێت – بەهۆی راوکردنیەوە بێت یان تێکدانی ژینگەکەیەوە لەرێی نەهێشتنی دارستانەکانەوە – سیستمی بەرگریەکەی تووشی کێشە ئەبێت و قورس ئەبێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو ڤاریۆسانەدا کە گەر وانەبوایە ئەیتوانی لەناو خۆیا بیانهێڵێتەوە. "لەو باوەڕەداین کاریگەری سترێس لەسەر شەمشەمەکوێرەکان وەک کاریگەری سترێس وایە لەسەر مرۆڤەکان." کەنینگهام وای ووت.

"رێگە بە ڤایرۆسەکە ئەدات زیاد بکات و بیخاتە دەرەوەی خۆی یان بیوەشێنێت. ئەتوانی وا بیری لێ کەیتەوە کاتێ خەڵک تووشی سترێس ئەبن و بەر ڤایرۆسی قوڕگە ئێشە ئەکەون، ئەوا قوڕگ ئێشە ئەگرن. ئەمە ئەشێت لە شەمشەمەکوێرەکانیشدا روو بدات."

لەو مەڵبەندەی کە ئەگەری هەیە ڤایرۆسەکە لەوێوە سەری هەڵدابێت –لەو بازاڕانەی شاری ووهانی چین کە پێیان ئەوترێت بازاڕە شێدارەکان – کە لەوێ ئاژەڵی كێوی دەستگیرکراو هەموویان پێکەوە وەک خۆراکی بەلەزەت و ئاژەڵی ماڵی دەفرۆشرێن، تێکەڵەبوونێکی مەترسیداری ڤایرۆسەکان و جۆری ئاژەڵەکان دەشێت رووبدات.

"گەر ئەم ئاژەڵانە پێکەو بگوازرێنەوە یان لە بازاڕەکاندا لەنزیک ئاژەڵی تر و مرۆڤەکانەوە دانرێن، ئەوا ئەگەری هەیە ئەو ڤایرۆسانە بە ژمارەیەکی زۆر بوەشێنرێن [و بگوازرێنەوە]." کەنینگهام وای ووت. هەروەها ووتیشی کە ئاژەڵەکانی تریش [کە کێوی نین] لە بازاڕێکی لەوشێوەیەدا زیاتر دەکەونە بەر نەخۆشیەکان چونکە ئەوانیش سترێسیان بۆ دروست ئەبێت.

"گواستنەوەی ئاژەڵانمان - بۆ مەبەستی بەکارهێنانیان بۆ دەرمان و وەک ئاژەڵی ماڵی – زیادیکردووە بە راددەیەک کە هەرکیز لە ربردوودا نەمانکردووە،" کەیت جۆنز، سەرۆکی بەشی ژینگەناسی و فرەچەشنی بایەلۆژی لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن وای ووت.

"هەروەها ژینگەکانیان لەناو ئەبەین و ئەیانکەین بەو شوێنانەی کە مرۆڤەکان دەسی بەسەردا ئەگرن. ئاژەڵەکان بەشێوەیەکی نائاسایی تێکەڵاو بوون کە لەرابردوودا هەرگیز رووی نەداوە. لە بازاڕێکی ئاوادا، چەندین ئاژەڵ بەکۆمەڵ لەسەر یەک لە قەفەزدا دائەنێین."

کەنینگهام و جۆنز هەردووکیان ئاماژەیان بەو هۆکارە کرد کە حاڵەتی دەگمەنی دزەکردنی درمە ئاژەڵیە گوزراوەکان دەشێت لە ماوەی هەفتەیەکا ببێتە گرفت بۆ جیهان. "دزەکردن لە ئاژەڵە كێویەکانەوە لە رووی مێژوویەوە روویداوە و روو ئەدات بەڵام ئەو کەسەی کە توش بووە لەوانەیە مردبێت یان چاک بووبێتەوە پێش گەڕانەوەی بۆ ناو شارەکان و مامەڵەکردنی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری خەڵکدا." کەنینگهام وای ووت.

"لە رۆژانی ئەمڕۆماندا بەهۆی هۆکارەکانی گواستنەوەوە، دەتوانیت رۆژێک لە دارستانەکانی ناوەڕاستی ئەفریقا بیت و رۆژی دواتر لە شارێکی وەک ناوەندی لەندەندا بیت."

جۆنز هاوڕا بوو. " دزەکردن ڤایرۆسی پێشتر روویداوە، [بەڵام] ئێستا راددەکە چەندین جار زیاتر ئەبێت بەهۆی ئەوەی ئێستە ژمارەمان زۆرتر بووە و زۆر باشیش لەگەڵ یەک پەیوەندیمان هەیە."

هەردووکیان دەڵێن دوو وانەی زۆر سادە هەن کە مرۆڤایەتی دەتوانێت لێیان فێر بێت و دەبێت خێراش فێریان ببێت.
یەکەم، نابێت لۆمەی شەمشەمەکوێرەکان بکەین، لەراستیا لەوانەیە هاوکارمان بن چارەسەرێک بدۆزینەوە. "ئاسانە پەنجەی تۆمەت ئاراستەی جۆری ئاژەڵە خانەخوێکە بکەین،" کەنینگهام ووتی.

"بەڵام لەراستیا چۆنیەتی کارلێککردنی ئێمەیە لەگەڵیاندا کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتاییانەی ڤایرۆسەکە." ئەوەشی راگەیاند کە تێگەێشتنێکی باش لەسەر سیستمەمی بەرگریان نیە کە لەوانەیە وەک نموونەی گرنگ خزمەتمان بکەن. "تێگەیشتن لەوەی شەمشەمەکوێرەکان چۆن خۆیان لەگەڵ ئەم ڤایرۆسانەدا ئەگونجێنن دەشێت ئەوەمان پێ بڵێت کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڤایرۆسانەدا بکەین کاتێ کە وەک درمێک بۆ خەڵک دەگوازرێنەوە."

دواجار نەخۆشیەکانی وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا دەشێت لێرە بن بۆ ئەوەی بمێننەوە لەکاتێکا مرۆڤایەتی گەشە ئەکات و بەو شوێنانەدا بڵاودەبێتەوە کە پێشتر ئیشی پێیان نەبووە. کەنینگهام و جۆنز هاوڕان کە گۆڕینی رفتاری مرۆڤ چارەسەرێکی ئاسانترە وەک لە دروستکردنی پێکوتەی زۆر گران بۆ هەر ڤایرۆسێک کە دێتە ئاراوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوانەیە یەکەم نیشاندەری روون بێت کە زیانگەیاندن بە ژینگە دەشێت ببێتە هۆی خێرا لەناوبردنی مرۆڤەکانیش، و دەشێت دووبارە لەبەر هەمان هۆکارەکان رووش بداتەوە.

"دەیان هەزار جۆری ڤایرۆس هەن کە چاوەڕێن بدۆزرێنەوە،" کەنینگهام ووتی. "ئەوەی پێویستە بەراستی بیکەین
تێگەیشتنە لەوەی کە خاڵەکانی کۆنترۆڵکردنی دزەکردنە درمیەکان لە ژیانی کێویدا لە کوێدان و رێگە نەدەین لەو شوێنانەدا رووبدەن. ئەمە هەرزانترین رێگەیە دەبێت بۆ پاراستنی مرۆڤەکان بیگرینە بەر."

جۆنز دەڵێت ڤایرۆسەکان "زیاتر لەزیادبووندان چونکە ژمارەمان زۆرە و پەیوەندیمان زیاتر بووە. ئەگەری ئەم دزەکردنەی درمە ئاژەڵیەکان بۆ مرۆڤەکان زیاترە لەبەرئەوەی ئێمەی مرۆڤ ئەو ژینگانە لەناو ئەبەین. بۆیە لەناوبردنی ژینگەکان هۆکارەکەیە، و دروستکردنەوەیان چارەسەرە."

دوا وانە ئەوەیە کە لەناوبردنی هەسارەکە دەشێت هۆکارێکی زۆر خێراتر و توندوتیژتر بێت بۆ لەناوبردنی خەڵک لەچاو گۆڕانکاریە ژینگەییە بەرەبەرەییەکاندا.

"هیچ ئاسایی نیە هەستیت دارستانێک بکەیت بە پرۆژەیەکی کشتوکاڵی بەبێ تێگەیشتن لەو کاریگەریانەی کە دەیبێت لەسەر کەش و ئاووهەوا، رێژەی کاربۆن، سەرهەڵدانی پەتاکان و مەترسی لافاو." جۆنز وای ووت. "ناتوانیت بە جیا ئەم شتانە بکەیت بێ بیرکردنەوە لەوەی کە ئەو کردەوەیە چی بەسەر مرۆڤەکاندا ئەهێنێت."



AM:11:48:31/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 6364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت