ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ له‌ چین گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ به‌رزبوه‌وه‌

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
بەپێی نوێترین ئامار ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ هەزار و 18 کەس و ژمارەی توشبووانیش بۆ 43 هەزار و 108 کەس بەرزبووەتەوە و هیچ نیشانەیەکی وەستان یاخود کەمبوونەوەی ئامارەکانیش نییە.


بەگوێرەی‌ نوێترین ئامار کە دەسەڵاتدارانی‌ چین رایانگەیاندووە، لە 24 کاتژمێری‌ رابردوودا زیاتر 100 کەس بەهۆی‌ کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە سێ هەزار کەسی دیکە توشبوون و زیاتر لە چوار هەزار كەسیش چارەسەركراون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، تائێستا، ڤایرۆسی‌ کۆرۆنا بە 31 وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە و رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش بەهۆی‌ مەترسیی ڤایرۆسەکە بۆ تەواوی‌ دانیشتووانی‌ سەر زەوی‌، باری نائاسایی راگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە زیاتر بووە لە ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای سارسەوە، کە لە ساڵەکانی 2002 – 2003 دا بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 800 کەس لە سەرانسەری جیهاندا.

ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند جۆرێکی ھەیە و ئەم جۆرە نوێیەی بەشێوەیەکی کاتیی بە (2019 Novel Coronavirus) ناونراوە و کورتکراوەتەوە بۆ (2019-nCoV). ئەوەش بە مانای ڤایرۆسێکی کۆرۆنای نوێی پێشتر نەبینراو دێت کە مێژووی درووستبوونەکەی بۆ ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە.

هــ. ر


AM:08:39:11/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 4072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو