ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی: ناچینه‌ ژێر باری دواخستنی كۆنگره‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێك له‌ باره‌ی به‌ستنی كۆنگره‌ی چواره‌می حزبه‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناچنه‌ ژێر باری دواخستنی كۆنگره‌وه‌.


له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ حه‌وت خاڵیه‌ی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ تیایدا هاتووه‌: ده‌بێت له‌و مانگه‌دا كۆنگره‌ی ئه‌و حزبه‌ ببه‌سترێت  و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، "بە هیچ شێوەیەك ناچینە ژێر باری ئەو بەرپرسیاریەتیە مێژووییە".

ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی له‌ باره‌ی دواخستنی كۆنگره‌ ده‌ڵێت: "ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی بەرتەسكی شەخسی یان هەرهۆكارێكی دیكەی نامەشروع كۆنگرە بۆساڵی داهاتوو دوابخرێت ئەوا ئێمە وەك ئەنجومەنی ناوەندی بە هیچ شێوەیەك ناچینە ژێر باری ئەو بەرپرسیاریەتیە مێژووییە و رێز لە ئیرادەی یەكێتیەكان دەگرین".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی باس له‌ لیستی داخراو ده‌كات و ده‌ڵێت: "بەهەموو شێوەیەك گشت جۆرە لیستێكی داخراو رەت دەكه‌ینه‌وە‌و لەگەڵ پرۆسەیەكی شەفاف‌ و دیموكراسی داین".

تا دێت ده‌نگۆی دواخستنی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ ناو ئۆرگانه‌كانی ئه‌و حزبه‌وه‌ زیاتر ده‌بێت، بڕیاره‌ سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه‌ 5ی كانوونی یه‌كه‌می 2019، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ كۆببێته‌وه‌ و پرسی دواخستن یان به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ش یه‌كێك ده‌بێت له‌ ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌.


ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند:

"كــــــەس و كــــــــاری ســـــــەربەرزی شـــــەهـــیدان

پێشــــمەرگــــە‌و فەرماندە قارەمانەكان

هەڤاڵان و جەماوەری (ی.ن.ك)

دوای بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەم و ئامادەكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان و ئەنجامدانی كۆنفرانسی كۆمیتەكان و مەكتەبەكانی یەكێتی بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ كەرنەڤاڵی ئەنجامدانی كۆنگرە ، بۆیە هیچ پاساوێك نی یە بۆ دواخستنی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان و سەرجەم كارە تەكنیكی و هونەری و لۆجستیەكان تەواوبووە و ئەنجومەنی ناوەندی لەسەر كۆی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی كۆنگرەش بەم شێوەی خوارەوە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات دەكاتەوە:-

1- دەبێ لەسەرەتای هەفتەی ئایندەدا كۆنفرانسی مەڵبەندەكان بكرێت كە هەموو ئامادەكارییەكانی بۆكراوە.

2- دەبێ كۆنگرە لەم مانگەدا ببەسترێت و نابێت بەهیچ شێوەیەك كۆنگرە بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت.

3- ئەگەر لەبەر بەرژەوەندی بەرتەسكی شەخسی یان هەرهۆكارێكی دیكەی نامەشروع كۆنگرە بۆساڵی داهاتوو دوابخرێت ئەوا ئێمە وەك ئەنجومەنی ناوەندی بە هیچ شێوەیەك ناچینە ژێر باری ئەو بەرپرسیاریەتیە مێژووییە و رێز لە ئیرادەی یەكێتیەكان دەگرین.

4- دەستخۆشی لە مەكتەبی هەڵبژاردن‌و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان دەكەین كە بە شێوەیەكی دڵسۆزانەو سەركەوتوانە ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ كردووە، داوایان لێدەكەین بەردەوام بن لەسەر كارەكانی خۆیان.

5- ئەنجومەنی ناوەندی بەهەموو شێوەیەك گشت جۆرە لیستێكی داخراو رەت دەكاتەوە‌و لەگەڵ پرۆسەیەكی شەفاف‌و دێموكراسی داین.

6- ئەنجومەنی ناوەندی سوپاسی دڵسۆزی‌و پشودرێژی سەرجەم هەڤاڵان‌و ئۆرگانەكانی یەكێتی دەكات كە ڕوو لە
ئەنجومەنی ناوەندی دەكەن‌و داوای هەڵوێست ‌و پشتگیریمان لێدەكەن.

7- بە ووردی چاودێری بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی سەركردایەتی (ی.ن.ك) دەكەین‌و هیوادارین بڕێارێكی بەرپرسیارانە بدەن لەم ساتە هەستیار‌و مێژووییەدا و روحیانەتی سەرۆك (مام جەلال) ‌و سەرجەم شەهیدانی گەلەكەمان شاد بكەن

لەگەڵ رێزدا ......

ئــــــەنـــــجومـــەنی نــــــاوەنــــدی

(ی.ن.ك)

4/12/2019"


PM:07:38:04/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 3480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو