رۆژنیوز: ئاسایشی سلێمانی سه‌رجه‌م ژنه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی ئەمڕۆی ئازاد كرد


وێستگه‌ نیوزـ

ئاژانسی رۆژنیوز-ی نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئاسایشی سلێمانی دوای ده‌ستگیركردنی وته‌بێژ و ئه‌ندامانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی، ئه‌مشه‌و سه‌رجه‌م ژنه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی ئازاد كردوه‌، به‌ڵام هێشتا پیاوه‌ ده‌ستگیركراوه‌كان ئازاد نه‌كراون.

ئاژانسه‌كه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌: "دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی ٥٢ کەس لە هاوڵاتی و نوێنەری لایەنە سیاسیی و ڕێكخراوەكان-ی لە پارکی ئازادی دەستگیرکرد، کەمێک پێش ئێستا هەموو ئەو ژنانەیان ئازادکرد کە لەناو دەستگیرکراوەکاندا بوون، بەڵام پیاوەکان ئازاد نەکراون."

له‌دوای ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامه‌كانی ته‌ڤگه‌ر، جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌ی كرد و رایگه‌یاند: "ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ لە شوێنێكدا كە پێیدەوترێت "سەكۆی ئازادیی" و لەناو شارێكدا كە پێیدەوترێت "پایتەختی رۆشنبیریی"، هەڕەشەیەكی مەترسیدارە كە بەرامبەر بە سادەترین بنەمای ئازادیی سیاسیی و ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان دا دەكرێت."

جوڵانه‌وه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو كه‌ "ئەو کارانە درێژكراوەی ئەو روداوانەی چەند رۆژی رابردویشە، كە ئاسایشی ئەم شارە، درێژەی بە هەمان هەڕەشە بۆ سەر ئازادیی بڵاوكردنەوە و ئازادیی كاری سیاسیی داوە و بەشێكی قەزا و ناحیەكانی ئەم پارێزگایەشی گرتوەتەوە، كە خۆی دەیبینێتەوە لە داخستنی چەندین بارەگای فەرمیی "تەڤگەری ئازادیی" و هەروەها رێگریكردن لە پەخشكردنی فیلمێك، كە مۆڵەتی پەخشكردنیشی هەیە  لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان-ەوە."

ئێوارەی ئەمڕۆ هه‌ینی 11ی كانونی دووه‌می 2019، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان –ڕژاک ویستیان لە سەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادیی لە سلێمانی، فیلمەکەی ساکینە جانسز نمایش بکەن و بیرهێنانەوەیەک بۆ ساکینە جانسز و هەڤاڵەکانی بكه‌ن و خەڵاتی ساکینە جانسزیش ببەخشن بە لەیلا گوڤەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگرییان لێکرا.

به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌، هێزەکانی ئاسایش لە سلێمانی نزیکەی 50 کەسیان دەستگیرکردووە کە زۆرینەیان ژنن و ده‌شڵێت: "لەناو گیراوەکاندا منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ و نیو هەیە".

هاوكات، سۆران حسێن، برای تارا حسێنی وتەبێژی تەڤگەری ئازادی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ئاسایشی سلێمانی تارا حسێن و زیاتر لە 50 کەسی دیکەی لە پارکی ئازادی دەستگیرکرد.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ڕێگریکردن لە نمایشی فیلمی تایبەت بە ژیان و خەباتی ساکینە جانسز لە سینەما سالم لە شاری سلێمانی، تەڤگەری ئازادی بڕیاریدا لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی شاری سلێمانی فلیمەکە نمایش بکەن.


PM:10:51:11/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 1328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو