د.لەتیف رەشید: داوا لە دەنگدەران دەکەین بە دادپەروەرانە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن


وێستگەنیوز-

سەرۆک کۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، بەشداری کاریگەر و بەرفراوان لەهەڵبژاردنەکاندا تاکە رێگەیە بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان و کەموکوڕییەکان.


ئەمڕۆ دووشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2025، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق بەبۆنەی هەڵبژاردنەوە پەیامێکی خوێندەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ لەبەردەم قۆناغێکی نوێ و گرنگ وەستاوین، لەسەر رێگەی بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری و پێشکەوتن، گەلی عێراق سەلماندوویەتی کە شایستەی درێژەدانن بە دەستکەوتە شارستانییەکان و مۆدێلی دیموکراسیان لە پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا پێشکەش کردووە".

ئاماژەی بەوەکرد، "هەڵبژاردن ماف و ئەرکێکی نیشتمانییە و لە سەرۆکایەتی کۆمار کارمان کردووە بۆ پشتیوانیکردنی هەموو لایەنەکانی بەشدار لە جێبەجێکردنی مافەکانی هەڵبژاردن".

جەختی لەوەشکردەوە، "ئەنجامدانی هەڵبژاردن پابەندبوونە بە دیموکراسییە"، هەروەها داواشیکرد لە هەموو دەنگدەران کە واقیعبینانە و راستگۆیانە بیر لە کاندیدەکان بکەنەوە بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق و دادپەروەرانە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن.

سەرۆک کۆماری عێراق وتی، "ئێمە پشتگیری ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو دەکەین، بۆئەوەی پرۆژە یاسای باش پەسەند بکەن".

ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەی سەرۆک کۆمارە

"بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

گەلی عیراقی خۆشەویست

خوشک و برایانی هاووڵاتیانم

سڵاوتان لێبێت و ڕەحمەت و بەرەکەتی خواتان لەسەر بێت.

ئەمڕۆ لەسەر دەروازەی قۆناغێکی نوێ و گرنگین لە ڕێگامان بۆ دامەزراندنی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدان لە وڵاتەکەماندا، لە ڕێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە ، بۆ ئەوەی پابەندبوونی خۆمان بە ژیانی سیاسی دەستووری و دیموکراسی و گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات دووپات بکەینەوە.

گەلەکەمان سەلماندوویەتی کە شایستەی بەردەوامیدانە لە دەستکەوتە شارستانییەکانی و نموونەیەکی دیموکراسی پێشکەش کردووە لە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە و ئاراستە جیاوازەکانی لەگەڵ پاراستنی مافی جیاوازی و ناڕەزایەتی و ئازادی ڕا دەربڕین.

بەشدارییەکی کارا و بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکاندا تاکە ڕێگامانە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و چارەسەرکردنی لایەنە نەرێنییەکان و پەرەپێدانی سیستەمی سیاسیمان و ڕێگریکردن لە دیکتاتۆرییەت و تاکڕەوی لە دەسەڵاتدا و دەنگدانی بەرفراوانی گەل و ڕێزگرتن لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ڕێڕەوی دەستووریی پرۆسەی دیموکراسی گەورەترین بەڵگەیە لەسەر خواستی گەلەکەمان بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی و ئازادی.

گەلی خۆشەویستمان

دەبێت هەمیشە ئەو قوربانییە گەورانەمان بیر بێت کە پێشکەشمان کردوون بۆ دامەزراندن و پاراستنی سیستەمی دیموکراسی بەتایبەتی شەهیدان و بریندارانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بە جۆرەها دەزگا و دامەزراوەکانیانەوە هەروەها قوربانییانی مەدەنی لە کردەوە تیرۆریستییەکاندا تاوەکو توانیمان بەسەر تیرۆردا سەربکەوین و شکۆی بشکێنین و لە توندڕەوی و بانگەشەکارانی ڕزگارمان بێت کە بوونەتە نامۆ و دابڕاو.

هەڵبژاردن ماف و ئەرکێکی نیشتمانییەو ئێمە لە سەرۆکایەتی کۆمار کارمان کردووە لەسەر پشتگیریکردنی هەموو لایەنە بەشداربووەکان لە جێبەجێکردنی شایستەیی هەڵبژاردن و سوور بووین لەسەر هەوڵدان بۆ دڵنیابوون لە کەشوهەوایەکی پێشبڕکێکارانەی بێگەرد و دادپەروەر.

داوا لە هەموو دەنگدەران دەکەین کە بە واقیعی و ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە سەیری پرۆسەکە بکەن لە کاتێکدا کاندیدەکانی ئەندامێتی پەرلەمان هەڵدەبژێرن کە چاودێری پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی دەبن.

کار دەکەین بۆ پشتگیریکردنی پەرلەمانی داهاتوو بۆ دەرکردنی یاسا گرنگەکان ،بەتایبەتی ئەو یاسایانەی کە ماددە دەستوورییەکان کارا دەکەن بۆ تەواوکردنی بنیادنانی دامەزراوەیی دەوڵەت و پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی نوێی بەهێز و کارا بۆ وەڵامدانەوەی ئاواتەکانی هاووڵاتیان لە ئاسایش و دادپەری کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی ئابووری و دابینکردنی هەلی کار و خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی یەکێتی و سەربەخۆیی و سەروەری عێراق و بنیادنانی پەیوەندییەکی جێگیر و دەستووری لەسەر بنەمای هاوکاری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی دامەزراوە و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی جیهان.

هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنێکی نوێنەرایەتی کارا و پێکهێنانی حکومەتێکی سەرکەوتوو و سوپاسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەین بۆ هەوڵەکانیان لە ئامادەکردنی پێداویستییەکانی هەڵبژاردن.

هەروەها ستایشی هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانمان دەکەین، بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە، و هەموو لایەنە پشتیوانەکان لە سەرکەوتنی ئەم شایستە نیشتمانییەدا.

خودا عێراق و گەلەکەی بپارێزێت


PM:05:57:10/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو