‌مانای بینینی بزن لە خەودا چییە؟ خێرە یان شەڕ؟

وێستگە ستایل-

مانای بینینی بزن لە خەودا چییە؟ خێرە یان شەڕ؟

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان

لە جیهانی لێکدانەوەی خەوندا، بینینی ئاژەڵەکان هێما و واتای تایبەتی خۆیان هەیە، بەپێی سەرچاوەکانی لێکدانەوەی خەون، بینینی بزن یەکێکە لەو خەونانەی کە زۆربەی کات پەیوەستە بە بژێوی ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەڵام وردەکارییەکانی ناو خەونەکە واتاکەی دەگۆڕن.

بەگوێرەی لێکدانەوەکان، ئەگەر کەسێک لە خەویدا بزنی دەست بکەوێت یان گۆشتەکەی بخوات، ئەوا مانای وایە ژنێکی باش و بەڕەوشت مارە دەکات یان دەبێتە هاوسەری، ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ پێکەوەنانی ژیانێکی خێزانیی سەرکەوتوو.
لە لایەکی دیکەوە، دۆشینی بزن لە خەودا وەک هێمایەک بۆ کاسبی و دەستکەوتی حەڵاڵ لێکدراوەتەوە، هەروەها دەستکەوتنی مەرەزەی بزن (مووی بزن) بە نیشانەی زیادبوونی ماڵ و سامانی حەڵاڵ دادەنرێت.

بەڵام هەموو بینینێکی بزن مانای باش نییە؛ بۆ نموونە برژاندنی گۆشتی بزن لە خەودا مانایەکی نەرێنی هەیە و ئاماژەیە بۆ بوختان کردن و قسەهەڵبەستن بۆ ژنێکی پاک و بێتاوان، بۆیە ئەمە وەک ئاگادارکردنەوەیەک دادەنرێت بۆ خەوبینەکە.

بەگشتی ئەم خەونە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دەستکەوتی ماددی و پەیوەندیی خێزانییەوە هەیە و زۆربەی نیشانەکانی بەرەو چاکە دەڕۆن ئەگەر ئازاردان یان برژاندنی تێدا نەبێت.

سەرچاوە: کتێبی خەونامەی ئیبن سیرین


PM:08:57:15/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل