بێدەنگی باڵ بەسەر لۆڤەردا دەکێشێت؛ هونەر لەژێر پێی مانگرتوواندا دەناڵێنێت
وێستگە ستایل-
بێدەنگی باڵ بەسەر لۆڤەردا دەکێشێت؛ هونەر لەژێر پێی مانگرتوواندا دەناڵێنێت
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
مۆزەخانەی جیهانیی لۆڤەر لە پاریس، لە ئەنجامی شەپۆلێکی بەرفراوانی مانگرتنی کارمەندان، دەرگاکانی بەڕووی جیهاندا داخست و بێدەنگییەکی سامناک باڵی بەسەر ئەم پەرستگایەی هونەردا کێشا. ئەم هەنگاوە تەقینەوەی ئەو تووڕەییە پەنگخواردووەی کارمەندانە لەبەرامبەر داڕزینی ژێرخانی مۆزەخانەکە و دۆخی نالەباری کارکردنیان. کارمەندان بە جێهێشتنی شوێنی کارەکانیان، پەیامێکی توندیان ئاراستەی بەرپرسان کرد بۆ ئاوڕدانەوەی بەپەلە لەو دامەزراوانەی ساڵانێکە فەرامۆش کراون، هاوکات داوای توندوتۆڵکردنی سیستەمی ئەمنی و زیادکردنی هێزی مرۆیی دەکەن.
ئەم ناڕەزایەتییە دوای ئەوە گەیشتە لووتکە کە لە سەرەتای ئەمساڵدا، دزییەکی هونەریی گەورە ڕوویدا و پەردەی لەسەر لاوازییە ئەمنییە کوشندەکان هەڵمالی؛ کێشەیەک کە دەبوو ساڵانێک لەمەوبەر چارەسەر بکرایە. لە ئێستادا گەشتیاران لە بەردەم دەروازە داخراوەکاندا سەریان سوڕماوە و کارمەندانیش بە دروشمەکانیان گەمارۆی دەرگاکانیان داوە، لە کاتێکدا گفتوگۆکان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کولتووریی فەرەنسا لە بنبەستدایە.
داخستنی لۆڤەر تەنها کێشەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو زەنگێکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی دامەزراوە کولتوورییە گەورەکان. ئەمە پرسیارێکی جەوهەری دەوروژێنێت: ئایا چۆن دەکرێت هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی مێژوو، پێشوازیکردن لە جیهان و ڕێزگرتن لە مافی کارمەندان ڕابگیرێت؟ ئەگەر ئەم گرێکوێرەیە نەکرێتەوە، دوور نییە ئەم ئاگرە شوێنەوارە جیهانییەکانی دیکەش بگرێتەوە.
سەرچاوە: وۆڵ ستریت جۆرناڵ، کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥.
PM:06:40:16/12/2025
ئهم بابهته 36
جار خوێنراوهتهوه