‌کلارینێت؛ لە وۆرکشۆپەکانی ئەوروپاوە بۆ پەنجە زێڕینەکانی "ڕێهات عەزیز" و ماڵئاواییەکی بێدەنگ

وێستگە ستایل-

کلارینێت؛ لە وۆرکشۆپەکانی ئەوروپاوە بۆ پەنجە زێڕینەکانی "ڕێهات عەزیز" و ماڵئاواییەکی بێدەنگ
وێستگە ستایڵ - سۆلین عوسمان
پێداچوونەوەیەکی مێژوویی نوێ، سەرنجی جیهان بۆ گەشتی ئەفسووناویی ئامێری "کلارینێت" ڕادەکێشێت؛ چیرۆکێک کە لە بۆرییەکی داریی سادەی ئەوروپاوە دەست پێ دەکات و بەنێو جیهانی جازدا تێدەپەڕێت، تا دواجار لەژێر پەنجە زێڕینەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو "ڕێهات عەزیز"دا، دەبێتە دەنگێکی پڕ حەسرەت و ناسنامەیەکی مۆزیکیی نەمر.
سەرەتای ئەم گەشتە هونەرییە بۆ سەدەی ١٨ لە ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە، کاتێک وەستای ئامێر "یۆهان کریستۆف دێنەر" گیانی کرد بە بەر پارچە دارێکدا و ئامێری "شالومۆ"ی گۆڕی بۆ کلارینێتێکی دەنگ "گەرم و نەرم"؛ داهێنانێک کە بووە هۆی ئەوەی ئامێرەکە بە خێرایی لە ئۆرکێستراکانەوە بۆ جیهانی "جاز" بگوێزرێتەوە و ئەفسانەکانی وەک "بێنی گودمان" بیکەنە پردێک لە نێوان دیسپلینی کلاسیک و ئازادیی جازدا.
بەڵام ئەم ئامێرە کاتێک سنوورەکانی بڕی و گەیشتە کوردستان، لەسەر دەستی "ڕێهات عەزیز" وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە مانایەکی نوێی وەرگرت. ئەوەی ڕێهاتی لە ژەنیارانی دیکەی جیهان جیادەکردەوە، توانای بێوێنەی بوو لە "بەخۆماڵیکردن"ی ئامێرەکە و تێکەڵکردنی ڕۆحی خۆی لەگەڵیدا؛ ئەو بە زیرەکییەکی مۆزیکییەوە توانیویەتی تەکنیکە ئاڵۆزەکانی کلارینێت لەگەڵ "مەقام و ئاوازی ڕەسەنی کوردی" و چارەکە تۆنە ڕۆژهەڵاتییەکاندا ئاوێتە بکات.
 ئەم گەشتە ئەفسووناوییە زوو كۆتایی هات؛ مەرگی ناوەختی ئەم هونەرمەندە لاوە، مۆزیکی کوردیی تووشی شۆک کرد و ئاوازەکانی نیوەچڵ جێهێشت. ڕێهات لە لوتکەی بەخشیندا ماڵئاوایی کرد و بە ڕۆیشتنی، کلارینێتەکەی بێناز کەوت. ئەو ئاوازانەی پێشتر تێکەڵەیەک بوون لە "شین و شایی"، ئێستا بە تەواوی بوونەتە ئاوازی "شین" و ماتەمینی بۆ گوێگرانی، بەڵام گیانی ئەو لە نێو نۆتەکاندا بە زیندوویی ماوەتەوە.
شێوازی ژەنینی ڕێهات، کە پڕە لە لەرینەوەی (Vibrato) تایبەت و هەستی قووڵ، تەنانەت دوای ماڵئاواییەکەشی وەک قوتابخانەیەک بۆ گەنجانی کورد ماوەتەوە. ڕێهات سەلماندی کە مێژووی کلارینێت تەنها تێکەڵەیەک نییە لە داهێنان و هونەری ئەوروپی، بەڵکو گەشتێکە لە وۆرکۆشۆپە کۆنەکانی ئەڵمانیاوە دەست پێ دەکات و لە پەنجەکانی هونەرمەندێکی کوردی کۆچکردوودا دەگاتە لوتکە؛ لوتکەیەک کە ئێستا بە یادەوەرییەکی پڕ حەسرەتەوە لە ئەرشیفی مۆزیکی کوردیدا دەدرەوشێتەوە.
سەرچاوە: کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی کلارینێت / ئەرشیفی مۆزیکی کوردی


PM:07:28:11/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل