‌دادگایکردنی فەزڵ شاکر دواخرا

وێستگە ستایل-

دادگای سەربازی لوبنان بڕیاریدا دادگایکردنی هونەرمەندی لوبنانی فەزڵ شاکر بۆ 90ڕۆژی دیکە دوابخات، بەوەش بەروارەکەی دەکەوێتە 3ی مانگی 2ی ساڵی داهاتوو.

لەگەڵ ئەوەی داواکرا دادگایکردنەکە بەنهێنی بەڕێوە بچێت، بەڵام دادوەری کەیسەکە ئەم داوایەی ڕەتکردۆتەوە و بڕیاریداوە دادگایکردنەکە بە ئاشکرا بەڕێوەببات.

دادگایکردنی شاکر لەسەر چوار کەیسە، ئەوانیش بوون بەئەندامی ڕێکخراوێکی چەکداری و هاوکاریکردنیان لەڕووی داراییەوە و هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و بێ نرخ دانانی دەسەڵاتی یاسایی ئەو وڵاتە.

فەزڵ لەگەڵ ئەوەی ماوەی چەندین ساڵە ئەم سکاڵا یاساییانەی لەسەرە بەڵام لە یاسا ڕایکردووە ودواجار لە ماوەی ڕابردودا خۆیدا بەدەستەوە.

ئەم هونەرمەندە لەدایکبووی ساڵی 1969 یە لە  ناوچەی سەیدای لوبنان و دایکی فەڵەستینیە و باوکی لوبنانیە، ژمارەیەکی زۆر بەرهەمی هونەری هەیە و خاوەنی هەوادارێکی زۆرە.

 ساڵی 2012بەتەواوی لەکاری هونەری دورکەوتەوە و پەیوەندی کرد بە پیاوێکی ئاینی توندڕەو، کە سەرەنجام بەهۆی ئەم گروپەوە لە چەندین دۆسییە تێوەگلا.


PM:12:56:27/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌