فەرمی؛ ژمارەی ئەو یانانەی بەشداری وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەکەن
وێستگە سپۆرت-
وەرزێکی نوێی خولی نایابی کوردستان بە بەشداریی تەنیا ٩ یانە بەڕێوە دەچێت و یەکێتی تۆپی پێی کوردستانیش گۆڕانکاری لە وادەی دەستپێکی خولەکە کرد.
ئەمڕۆ شەممە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بڕیاری دا، بەهۆی بەشداریی نەکردنی یانەکانی کەرکووک، گازی باکوور و سیروانی نوێ، وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بە بەشداریی 9 یانە بەڕێوە بچێت، دوای ئەوەی یانەکانی نەورۆز و شێروانە بڕیاریان دا بەشداریی خولەکە بکەن، کە پێشتر داوایان کردبوو خولەکە دوابخرێت یان ئەم وەرزە بەڕێوە نەچێت.
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریشیدا رۆژی 1ی فێبرایەر وەرزی 2018/2017ی خولی نایابی کوردستان بەڕێوە بچێت، لە کاتێکدا پێشتر بڕیاری لێدرابوو 2018/1/21 خولەکە دەستپێبکات.
یانەکانی هەولێر، هەندرێن، برایەتی لە هەولێر، یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر و ئارارات لە پیرمام، نەورۆز لە سلێمانی، شێروانە لە کەلار، زاخۆ و زێرەڤانی لە دەڤەری بادینان بەشداریی خولەکە دەکەن.
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا هەر پێنج رۆژێک جارێک گەڕێکی خولەکە بەڕێوە بچێت و خولەکەش بە شێوازی خول بکرێت.
PM:01:39:02/12/2017
ئهم بابهته 1415
جار خوێنراوهتهوه