كۆمیسیۆن ماوەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتییەكان درێژ دەكاتەوە


وێستگه‌ نیوز-
وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ماوەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتیە سیاسییەكانی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان تاوەكو مانگی ئایاری داهاتوو درێژكردەوە.
 
جومانە ئەلغلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق  راگەیاندووه‌، "كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ماوەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتیە سیاسییەكانی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمان تاوەكو مانگی ئایاری داهاتوو درێژكردەوە، هەروەها ماوەی رادەستكردنی لیستی بەربژێرانیشی تاوەكو 17ی نیسانی داهاتوو درێژكردەوە، ئەمەش دوایین وادەیە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكان و بەربژێران."
 
بەوتەی ئەلغلای، ئەو بڕیارە لە پێناو كردنەوەی بواردایە لەبەردەم پارتە نوێكان لە هەڵبژاردنەكەدا و دەڵێت، "تاوەكو ئێستا 249 پارت ناویان تۆمارکردووە، 58 پارت كار بۆ دامەزراندنیان دەكرێت، 30 هاوپەیمانێتی پەسندكراون، 8 هاوپەیمانێتیش لە پێكهێناندان". 
 
بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکاتێکدایە، بڕیارە لە تشرینی یەکەمی داهاتوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام عێراق بەدەست ژمارەیەک کێشەوە دەناڵێنێت کە دەکرێت ببنە ئاستەنگ لەبەردەم بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەدا.  
 
بەختیار شاوەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق راگەیاند "بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنای گۆڕاو و كێشەی ئەمنی و رەوشی تەندروستی، هێشتا دیار نییە هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دەكرێت یان دوادەخرێت، بۆیە ئەنجامدان و نەدانی هەڵبژاردن پەیوەستە بە رەوشی عێراقەوە".


PM:06:56:25/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 1424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت