سه‌رۆك كۆمار و وه‌فدی هه‌رێم جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌نه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق و وه‌فدی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كۆبونه‌وه‌ و جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر كۆتایی هێنان به‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و پاراستنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی كانونی دووه‌می 2021، د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغدا پێشوازیی كرد لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغدا و بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و فراكسیۆنە كوردستانییەكان كه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپەیمانی هیوای كوردستانی لە پەرلەمانی عیراق پێكهاتبوون و له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر دوایین گۆڕانكارییەكانی دانوستانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ كرا.

به‌گوێره‌ی راگیه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق، لە كۆبوونەوەكەدا بەگرنگییەوە جەختكرایەوە لەگەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو و بنەڕەتی بۆ كۆتایی هێنان بەكێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستور و یاسا و پاراستنی مووچەی مووچەخۆران و بژێوی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان وەك سەرجەم ھاووڵاتیان دیكەی عیراق بێ جیاوازی.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا به‌پێویست زانرا كۆتایی بە قەیرانی مووچەو كەمكردنەوەی لێكەوتە داراییەكان لەسەر هاوڵاتیان بهێنرێت، هاوكات بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی ساڵی 2021 و زامنكردنی مافی تەواوی ناوچە و پێكهاتەكان لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاراستنی مافی سەرجەم هاووڵاتیانی عیراق و هەرێمی كوردستان و جیاكردنەوەی مووچەی خەڵكی كوردستان لە ململانێی سیاسی و كێشمەكێش.


PM:09:07:27/01/2021






ئه‌م بابه‌ته 1448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت