دهۆك، پیاوێك لەلایەن خێزانەكەی و زاواكەیەوە كوژرا


وێستگە نیوز-
لەسنوری پارێزگای دهۆك بكوژی كەسێكی بەتەمەن دەستگیركرا كە زاوای خۆیەتی و بەهاوكاری خەسوی تاوانەكەیان ئەنجامداوە تا سامانی كوژراوەكە بۆ خۆیان بەش بكەن.

موقەدەم هێمن سڵێمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، دوای ئەوەی رۆژی 4ی 1ی 2021 لەگوندی دەرگەڵا موسا بەگی سەر باناحەی كانی ماسی قەزای ئامێدی تاوانێكی كوشتن ئەنجامدرا، هێزەكانی پۆلیس گەیشتونەتە شوێنی رووداوەكە و لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو كەسەی كوژرا بوو تەمەنی نزیكەی 70 ساڵان بوو، بەڵام دوای 4 رۆژ بەسەر تاوانەكەدا توانرا بكوژەكە دەستگیر بكرێت كە تەمەنی 36 ساڵەو زاوای كوژراوەكەیە.

وتەبێژی پۆلیسی دهۆك روونیكردەوە، كوشتنی ئەو كەسە بەتەمەنە لەلایەن زاواكەیەوە بەهاوكاری خەسوی بووە واتە خێزانی كوژراوەكە، ئێستا بكوژەكەو خەسوی كە هاوكاری بووە بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادین عیراقی دەستبەسەرن و سزای توندی خۆیان وەردەگرن.


لەبارەی هۆكاری تاوانەكەشەوە، هێمن سڵێمان وتویەتی "بەپێی دانپێدانانی تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان، هۆكاری كوشتنەكەش بۆ ئەوە بوە سامانی ئەو كەسە بەتەمەنە بەسەر خۆیاندا دابەشبكەن".



PM:04:47:10/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 4032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت