شاسوار عەبدولواحید: هەمومان پێکەوە بادەست لەناو دەست کەین و وڵات و داهاتومان بگۆڕین

‌شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

وێستگەنیوز-

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، داوا لەو گەنجانە دەکات کە بەنیازی کۆچکردنن بۆ دەرەوەی وڵات، باشتروایە هەموان پێکەوە هاوکاربن بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری و تێپەڕاندنی دۆخی ئێستای وڵات ئەویش لەرێگەی کارکردن، هەلی کاری زۆر ، کارگە و کشتوکاڵ و بزنسن، پێدانی قەرز بە گەنجان و پشتیوانی بزنسی بچوک و مامناوەند.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیجی فەرمی خۆی کەفەیسبوک پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و رایگەیاندوە، "ئەو گەنجە ئەزیزانەی گەر بە نیازن بڕۆن و وڵات جێبهێڵن، بێگومان دڵنیام دەیان هۆکار هەیە بۆ جێهێشتن، بێگومان دەزانم چەندە ژیانیان فەوتاندون و چۆن هەستێکی وایان پێداون کە داهاتووتان نییە، بەڵام باوەڕ بکەن کە داهاتوی  باش خۆتان دروستی دەکەن، جا لێرە بێت یاخود لە دەرەوەی وڵات، دڵنیا بن هەمومان لێرە پێکەوە دەتوانین زۆر کاری گەورە ئەنجام بدەین و بەش بە حاڵی خۆم گەشبینین کە لە ماوەی داهاتودا دەتوانین ئەم دۆخە قورس و ناخۆشە تێپەڕێنین".

ئاماژەی بەوەشکردوە، " کارکردن، هەلی کاری زۆر ، کارگە و کشتوکاڵ و بزنسن، پێدانی قەرز بە گەنجان و پشتیوانی بزنسی بچوک و مامناوەند، ژیانێک کە هەم شوێنی نیشتەجێبون و هەمیش کار و کەسابەتان هەبێت و ساڵانە بتوانن بە پاسپۆرت و ڤیزە سەفەری وڵاتان بکەن، نەک وەک پەناهاندە چاوەڕێی هاوکاری ئەوان  ئەمە خەو نییە، بەلکو پێکەوە دەیهێنینە دی".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەشی خستوەتەڕو، "تکایە گەنجە خۆشەویست و ئازاکان، زیاد لە ٦٠ ساڵی تەمەنتان ماوە،  وڵاتەتان پڕ سەروەتە، جێی مەهێڵن بۆ چەند کەسێکی دیاریکراو ،بەڵکو لێیان بسەننەوە. مافی خۆتان بستێێنن. هەمومان پێکەوە با دەست لە ناو دەست کەین و وڵاتەکەمان بگۆڕین  داهاتوی خۆمان بگۆڕین، ژیانی خۆشگوزەران بۆ خۆتان بە دی بهێنن، هەمومان دەبێت ئەوە بزانین کە کلیلی سەرکەوتن هەمیشە بەردەوامی و کۆڵنەدانە، ڕەنگە هەندێک جار پێویست بکات کە ڕێگاکانی کارکردن و تاکتیک بگۆڕیت، بەڵام هەرگیز نابێت ئەو ئامانجەی کە داتناوە بیگۆڕیت".


PM:11:08:22/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت