جێگری پارێزگاری موسڵ: دۆخی خراپی ئەمنی شنگال رێگرە لەگەڕانەوەی ئاوارەكان


وێستگە نیوز-


لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەتایبەت شنگال، لەگەڵ جێگری پارێزگاری موسڵ و قایمقامی شنگال كۆبوونەوە.

سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری موسڵ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەر داوای لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان هاتنە پەرلەمان و لەگەڵیان كۆبوونەوە، ئامانجەكەش باسكردنە لە ناوچە كوردستانییەكان كە سەر بە ئیدارەی نەینەوان یان دوو ئیدارەین سەر بە دهۆك و موسڵ یان هەولێر و موسڵن، زیاتر باسیان لە شنگال و دۆخی شنگال كرد.

ناوبراو روونیكردەوە، ئێستا لەناو شنگال ئیدارەیەكی ناشەرعی هەیە و ئەوان وەك حكومەتی خۆجێی مامەڵەی لەگەڵ ناكەن، لەبەرئەوەی ئەو ئیدارەیە سەپێندراوە، ئەوان مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی پێش شەڕی داعش دەكەن.

جێگری پارێزگاری نەینەوا جەخیكردەوە، ئارامی و ئاسایشی شنگال جێگیر نییە، لەوێ ئێستا پەكەكە و حەشدی شەعبی و چەند هێزێكی جیاجیای لێیە، خەڵكی شنگال كە ناگەڕێنەوە لەترسی ئەو ناسەقامگیرییە و تۆپبارانی توركیایە بۆ سەر ئەو هێزانە، بۆیە داوایان كردووە ئەو هێزانە لەوێ نەمێنن بۆ ئەوەی خەڵك بتوانێت بگەڕێتەوە، تا ئێستا تەنها لەسەدا 20ی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە و زیاتر لەسەدا 80ی ئاوارەكان ماون كە هێشتا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، هۆكارەكەشی دۆخی سیاسیی و ئەمنیی شارەكەیە كە ناتوانن بگەڕێنەوە.

هەروەها مەحما خەلیل قایمقامی شنگال رایگەیاند، خەڵكی شنگال بۆچی ناگەڕێنەوە ئەوا پەیامێكی روونە بابەتێكی ئەمنی و سیاسییە و بابەتی نەبوونی خزمەتگوزاری و قەرەبووی ماددی و مەعنەوییە بۆ خەڵكەكە، هەتا ئێستاش لەسەدا 20یان گەڕاونەتەوە، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراقدا رەوشێك هاتووەتە پێش كە داوای گەڕانەوەی ئاوارەكان بكرێت بۆ شنگال، ئەو هێزە ناشەرعییانەی لەوێن دەربكرێن كە بوونەتە ئاستەنگ و ئارامی شنگال لاواز دەكەن، ئەوەی پێویستە پۆلیسی محەلی بمێنێتەوە و ئیدارەی شەرعی بگەڕێتەوە سەر ئیشوكارەكان و ناو شارەكەدا.


PM:06:05:14/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 1588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت