ئه‌و كه‌سه‌ی پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ولێری دزی ده‌ستگیر كرا

‌پارە دەستبەسەردا گیراوەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاویکردەوە، ئەو کەسەیان دەستگیر کردووە کە لە 21ی ئایاری 2020، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێری دزی بوو.


پۆلیس ئاشکرایکردووە، کەسەکە هەڵساوە بە دزینی كۆی مووچەی مانگی (كانوونی دووەمی 2020)ی فەرمانبەرانی فەرمانگەی یٔاوی پیرمام، كە بڕەكەی 48 ملیۆن و 708 هەزار و 400 دینارـە.

پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوه‌که‌دا ئاماژەی بەوەشداوە: پاش بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیەكی ورد و چڕ، توانرا شوێنی تۆمەتباری ناوبراو بدۆزرێتەوە، كە دەیویست لە ناحیەی (شرگات) خۆی حەشار بدات، بەڵام لە نزیك ناحیەی دیبەگەی سەر بە قەزای مەخموور بەپێی ماددە 453 لە یاسای سزادان دەستگیر كرا.

دەقی راگەیەندراوەکە:

دوای ئەوەی لە رێكکەوتی 21/5/2020 پۆلیس ئاگادار كرایەوە كە كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بە ناوی (م. ع. ن) هەڵساوە بە دزینی كۆی مووچەی مانگی (كانوونی دووەمی 2020)ی فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئاوی پیرمام، كە بڕەكەی (48 ملیۆن و 708 هەزار و 400 دینار)ـە.

لە لایەن پۆلیسی هەولێرەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە كرایەوە، پاش بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیەكی ورد و چڕ، توانرا شوێنی تۆمەتباری ناوبراو بدۆزرێتەوە، كە دەیویست لە ناحیەی (شرگات) خۆی حەشار بدات، بەڵام لە نزیك ناحیەی دیبەگەی سەر بە قەزای مەخموور بەپێی ماددە (453) لە یاسای سزادان دەستگیر كرا، كە پێش دەستگیركردنیشی ئۆتۆمبێلەكەی خۆی سووتاندبوو، تا تاوانەكە بشارێتەوە و بڵێ كە گوایە پارەكە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا سووتاوە، بەڵام دوای دەستگیركردنی، دەست بەسەر سەرجەم بڕە پارەكەدا گیرا و بۆ فەرمانگەی ئاوی پیرمام دەگەڕێندرێتەوە.


PM:02:40:02/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 3160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو