به‌رپرسێكی پارتی: سه‌ركردایه‌تی ئێستای یه‌كێتی نوێن، پارتیش یه‌ك مه‌رجه‌عی هه‌یه ئەو‌یش بارزانییه
وێستگه نیوزـ
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی پێویستیان به ئه‌زمونی نوێ هه‌یه بۆ شێوه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پارتی و جه‌ختی كرده‌وه كه "پارتی له‌و حزبه كوردییانه‌یه هیچ باڵ و ئاڕاسته و گروپێكی جیاوازمان نییه" و وتی "یه‌ك مه‌رجه‌عمان هه‌یه ئەو‌یش مه‌سعود بارزانییه".
له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا، عه‌لی حسێن، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه نیشتمانیه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان كه هاوكات ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌یه وه‌ڵامی وته‌كانی فه‌رید ئه‌سه‌سه‌ردی دایه‌وه كه له گفتوگۆیه‌كی پێشوودا له‌گه‌ڵ هه‌مان میدیا وتبووی پارتیش به ده‌ردی باڵباڵێنی یه‌كێتی چووه و ئه‌وانیش باڵیان هه‌یه.
له گفتوگۆیه‌دا ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی ره‌تیكرده‌وه كه هۆكاری كۆنه‌بونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌دوایین جاردا په‌یوه‌ندیی به‌لێدوانه‌كانی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌وه هه‌بوبێت و ده‌ڵێت"هۆكاری كۆنه‌بونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی ئه‌وه‌یه سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نوێیه، ئه‌گه‌رنا هۆكاری تری جه‌وهه‌ری نیه، سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی پێویستیان به ئه‌زمونی نوێ هه‌یه بۆ شێوه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پارتی، بێگومان سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتی له سه‌ره‌تای "ته‌عریفی" خۆیاندان و به‌رنامه‌ی خۆیان بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه هه‌یه كه‌چه‌ند ساڵێكه له‌یه‌كێتی دابڕوان".
وتیشی "ئێمه حزبێكی دیموكراتین ئاساییه له‌ناوخۆی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌ب سیاسی بۆچوونی جیاوازمان هه‌یه به‌ڵام پارتی له‌و حیزبه كوردییانه‌یه هیچ باڵ و ئاڕاسته و گروپێكی جیاوازمان نیه یه‌ك "مه‌رجه‌ع-مان" هه‌یه ئه‌یش (ماڵی بارزان) و (جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی-یه."
عه‌لی حسێن راشیگه‌یاند كه ده‌رگای گفتوگۆیان دانه‌خستووه و كراوه‌یه و هه‌ركات یه‌كێتی نیشتمانی بیه‌وێت پارتی ئاماده‌یه بۆ گفتوگۆ.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد له‌وته‌كانیدا وتبووی" ئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مان ڕوویدا وه ئه‌وه‌ی قسه‌كانی كرد له‌سه‌ر گروپێكی ناو پارتی حساب ده‌كرێت نه‌ك هه‌موو ناو پارتی"، له به‌رامبه‌ریشدا عه‌لی حسێن ده‌ڵێت" پارتی دیموكراتی كوردستان له‌دامه‌زراندنیه‌وه به‌تایبه‌ت له ساڵی 1964ه‌وه كه مه‌لا مسته‌فا-ماڵی بارزان سه‌ركردایه‌تی پارتییان كردووه پارتی یه‌ك باڵه، پارتی یه‌ك ئاڕاسته و یه‌ك "مه‌رجه‌ع-مان" هه‌یه ئه‌ویش مه‌رجه‌عی ماڵی بارزان- كه "جه‌نابی كاك مه‌سعود" سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات".
ده‌رباره‌ی ئه‌و لامه‌ركه‌زیه‌ته‌ی كه یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان داوای ده‌كات، ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تیی پارتی وتی"ئێمه لامه‌ركه‌زی سیاسی و فیدراڵیمان هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی عیراق بابه‌تی لامه‌ركه‌زی له به‌رنامه و خواستی لایه‌نه سیاسیه‌كاندا هه‌یه وه له‌به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی "كاك مه‌سرور بارزانی" به‌ڕوونی ئاماژه‌ی پێكراوه به‌ڵام ئه‌مه پێویستی به تێگه‌یشتنی لایه‌نه سیاسیه‌كان و ڕاوبۆچونی لایه‌نه سیاسیه‌كان وه ڕه‌زامه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌یه وه له‌هه‌مانكاتدا پێویستی به‌یاسا هه‌یه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ په‌رله‌مان ئه‌وه ناكرێت لایه‌نێكی سیاسی به‌ته‌نها "ته‌به‌نی" بكات به ئاڕاسته‌یه‌ك كه وه‌ك كارتێكی سیاسی به‌كاربهێنرێت ئه‌مه ڕه‌نگه لێكدانه‌وه‌ی جیای بۆ بكرێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك بابه‌تێكی ئیداری بێت پارێزگاكانی تریش مافیان هه‌یه له‌وه‌ش ڕه‌نگه گرفتێكی وامان هه‌بێت به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر دیالۆگ و گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت."
له‌سه‌ر به‌سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ سلێمانی و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق عه‌لی حسێن ئاشكرایكرد كه نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه ئاساییه بچێت بۆ هه‌ر شارێكی كوردستان و ئاساییه به‌رپرسه باڵاكان له ئاسته جیاجیاكان ببینێت.
وتیشی" كۆبونه‌وه‌یه‌ك هه‌بووه ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه په‌یوه‌ست بووه به‌دۆخی ئێستای عیراق كه حكومه‌تی نوێ دامه‌زراوه به‌دڵنیایی ڕه‌نگه باسی دۆخی ناوخۆش كرابێت ئه‌وه‌ی كه‌په‌یوه‌سته به‌نێوانی لایه‌نه سیاسیه‌كان و هه‌م "جه‌نابی كاك نێچیرڤان" ئه‌ركێتی ئه‌و ڕۆڵه ببینێت وه "جه‌نابی كاك دكتۆر به‌رهه‌م" هه‌م وه‌ك سه‌رۆك كۆمار وه‌هه‌م وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی و بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستان بێگومان ڕۆڵیان ده‌بێت هه‌ر كۆبونه‌وه‌یه‌كی له‌وجۆره‌ش هه‌نگاوی ئیجابی ده‌بێت بۆ لێكنزیكبونه‌وه‌ی نێوانی لایه‌نه سیاسیه‌كان."
PM:12:25:13/05/2020
ئه‌م بابه‌ته 4052
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت