چەند بڕیارێك لەژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر


وێستگە نیوز-

ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بڕیاریداوە بەچەند مەرجێك لەڕۆژی 21ی نیسانەوە ناوچەكانی پیشەسازی باكور و باشوور بكاتەوە.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، بەڕەچاوكردنی دوخی تەندروستی و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان و كەمترین بەریەكەوتن و گردبوونەوە، دیراسەی ئامادەكارییەكان دەكات بۆ كردنەوەی هەردوو ناوچەكانی پیشەسازی باكوور و باشوری هەولێر لەڕۆژی 2020.4.21، بەم مەرجانە (نابێت هیچ چێشتخانەیەك و چایخانەیەك و شوێنەكانی نوێژكردن و ئەو شوێنانەی كە خواردن و خواردنەوەیان لێ دەفرۆشێرێت كراوە بێت، پێویستە دوكاندار و فیتەرەكان، مۆڵەتی فەرمی كاركردنیان لە هەردوو ناوچەی پیشەسازی هەبێت).

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "تەنها ئەوانە دەتوانن ئۆتۆمبێلەكانیان لە هەردوو ناوچەی پیشەسازی باكوور و باشور ببەن بۆ چاككردنەوە كە بەپێی خشتەی پەسندكراوی پارێزگای هەولێر ڕێگە پێدراون بۆ هاتووچۆ، لەكاتژمێر (8)ی بەیانی تاوەكو (2)ی دوا نیوەڕۆ هەردوو ناوچەی پێشەسازی باكوور و باشور كراوە دەبێت، هاتووچۆی دوكاندار و فیتەر و بەردەستەكانییان بەم شێوەیە دەبێت، چوون بۆ كار كاتژمێر (7) بۆ (8)ی بەیانی، گەڕانەوە كاتژمێر (2) بۆ (3)ی پاش نیوەڕۆ). 

(سەبارەت بەو شوێنانەی كە تاوەكو ئێستا بە داخراوی ماونەتەوە بەتایبەتی ئەو شوێنانەی كەوتوونەتە ناو بازنەی شەقامی (30)مەتری و تەكسی و كاروباری بازرگانی، كۆبوونەوە بڕیاریدا، تایبەت بە دیراسەكردنی ئەو پرسە ڕۆژی 2020.4.21 ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر كۆدەبێتەوە و بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە دەدات).                                                  

هەر بەپێی بڕیارەكانی ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر (هەموو ئەوانەی ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان هەیە بۆ گەڕانەوە لە پارێزگاكانی ترەوە بۆ ناو سنووری پارێزگای هەولێر، لە 2020.4.20 هەر كەسێك لە هەر دەروازەیەكەوە بێتەوە نێو سنووری پارێزگای هەولێر، پشكنینی كۆرۆنای بۆ ئەنجامدەدرێت، ئینجا دێتەوە ناو هەولێر).               


PM:07:59:18/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 1684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت