کۆرۆنا بەهای کەلوپەلی چینی بۆ سەرو %15 بەرزدەکاتەوە

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگە نیوزـ
بەهۆکاری رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی سنورەکانی لەگەڵ وڵاتی ئێران، لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا بەهای کەلوپەلی چینی لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بۆ بۆ سەرو %15 ی بەهای پێشوی بەرزبوەتەوە.


کاریگەری بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئێستادا بەجۆرێکە بەشێکی فراوانی سێکتەرەکانی بازرگاکانی لەگەڵ خۆیدا راگرتوە و توشی ئیفلیج بون هاتون، ئەوەش بۆ وڵاتانی بەکاربەر کە پشت بە هاوردەی کاڵای دەرەوە دەبەستن بوەتە هۆی بەرزبونەوەی بەهای کاڵاکان، بەشێک لە هاوڵاتیانی عێراقیش مەترسی ئەوەیان هەیە بەهای کاڵاکان بەشێوەیەکی زیاتریش بەرزببێتەوە ئەگەر جێگرەوە و رێوشوێنی پێویست نەگیرێتەبەر.

لە سەرەتای تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا لە وڵاتی ئێران، حکومەتی عێراق بە ئامانجی رێگریکردنی لە بڵاوبونەوەی زیاتری ئەوە پەتایە بڕیاری داخستنی سنورەکانی تاوەکو رۆژی 15ی ئازاری ئەم مانگە، چەند سەرچاوەیەکی حکومیش دڵنیاییانداوە کە کەمبونەوەی کاڵاکان لە رێگەی وڵاتانی جێگرەوەی وەکو تورکیا و ئوردن قەرەبو دەکەنەوە.

لەو بارەیەوە ماڵپەڕی "العربی الجدید" ئەمڕۆ 10ی ئازار لە بەدواداچونێکدا لە بەغدا پرسیاری کاریگەرییەکانی کۆرۆنای لەسەر بازاڕ کردوە، بە گوێرەی ئەنجامەکەش ئامێرە کارەباییەکان، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و جۆرە جیاوازەکانی مۆبایل کە دروستکراوی وڵاتی چینن بەهاکانیان بە رێژەی %15 بەرزبوەتەوە، هاوڵاتیانیش هۆکارەکەیان بۆ "چاوچنۆکی بازرگاکانەکان" لە کاتەدا گەڕاندوەتەوە.

بەشێک لە بازرگانانیش هۆکاری گرانبونی کاڵای چینی بۆ وەستاندنی چالاکییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتدا دەگەڕێننەوە، کەمی ئەو کاڵایانەش بوەتە هۆی بەرزبونەوەی خواست لەسەریان، لەوبارەیەوە یاسر کینانی یەکێک لە خاوەن پێشانگاکانی کارەبا بە ماڵپەرەکەی راگەیاندوە، پێشوتر کاڵای چینی بونێکی بەرچاوی هەبو لە بازاڕەکاندا، کەمبونەوەشیان بەڵنیاییەوە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی بەهای کەلوپەلی ئەو وڵاتە و رەنگیشە کەلوپەلی وڵاتانی دیکەش.

لەبارەی ئەو ئامێرانەی وڵاتی چینیش کە لە ئێستادا خواست لەسەریان بەرزە، باسی لەوەکردوە، ئامێرەکانی پێویستی بۆ ماڵ بە گشتی بەهایان بەرزبوەتەوە، هەروەها تەلەفیزیۆن، مۆبایل، بەفرگر و ئامێرەکانی فێنکەرەوە کە لە چین دورستدەکرێن بەهان بەرزبوەتەوە.

 کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا جگە لەلایەن بازرگانییەکەی، تاوەکو ئێستاش لە زیاتر لە 90 دەوڵەتی جیهان بەردەوامیان هەیە و ژمارەی توشبوان رۆژانە ژمارەی نوێ تۆماردەکرێن، له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردودا له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان ژماره‌ی توشبوان به‌ به‌ په‌تای كۆرۆنا گه‌یشتوه‌ته‌ 114 هه‌زار و 443 كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ش 64 هه‌زار و 154 كه‌سیان کە دەکاتە %56ی کۆی توشبوان، دوای چاره‌سه‌ری گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌كانی خۆیان، هەندێ سەرچاوەش لەناو حکومەتی چین بە رۆیتەرزیان راگەیاندوە، بەم نزیکانە حکومەتی چین کۆنتڕۆڵکردن و سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنادا رادەگەیەنێت.

بەڵام پێدەچێت کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لە عێراق بەتایبەت کاریگەرییە بازرگانییەکانی تاوەکو ماوەیەکی زیاتر بەردەوام بێت، لەو بارەیەوە عیدەر ئەرزی بەڕێوەبەری یەکێک لە کۆمپانیاکانی گواستنەوە لە بەغدا ئاشکرایکردوە، لە ئێستادا سەدان بارهەڵگر شتومەکەی چینی لە دەروازەکانی عێراق چاوەڕوانی مۆڵەتپێدانن، بەڵام دەسەڵاتداران مۆڵەتیان پێنەدوان، بازرگانانانیش بۆ قەرەبوکردنەوەی خەرجی و زیانی بارهەڵگرەکانیان بەهای کاڵاکانیان لەسەر هاوڵاتیان زیادکردوە.

پەیوەست بەم بابەتەش مەزهەرمحەمەد راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و چین دابەزیوە، بەڵام هیچ کاتێک ساڵانە بەهای بازرگانیان لەگەڵ ئەو وڵاتدا لە 12 ملیار دۆلار کەمتر نەبوە.

بەرزبونەوەی نرخی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان، بوەتە هۆی نیگەرانی هاوڵاتیان و ترسیان هەیە بەرزبونەوەی بەهای کاڵاکان بەردەوامی هەبێت و کاریگەری بخاتەسەر خێزانە هەژارەکان، بەتایبەت کە زۆرینەی خێزانە عێراقییەکان بەهۆی دۆخی ئێستای عێراق بە دۆخی دژواردا تێدەپەڕن، کە بەرئەنجامی کێشەی دارایی و سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتە.

عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بەشێوەیەکی گشتی پشتی بەستوە بە هاوردەکردنی کاڵاکان لە وڵاتانی دراوسێ و ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر سنورەکانی دابخات، لەو بارەیەوە بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی بە ماڵپەڕی العربی الجدیدی راگەیاندوە، رێکارەکانیان لەگەڵ وڵاتی ئێران بۆ ماوەیەکی کاتین و لەو ماوەیەدا کار بۆ بەهێزکردنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی دەکەن، لە هەمان کاتیشدا لە هاوردەکردنی کاڵای زیاتر لە وڵاتانی ئوردن و تورکیا بەردەوام بن.

لای خۆیەوە ریاز تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستوەتەڕو، بەهۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا وڵات بە دۆخێکی دژواردا تێدەپەڕێت، رێکارەکانی داخستنی سنوریش پێویستە بە وریایەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و بیر لە رێگەچارە جێگرەوە بکرێتەوە.

دەشڵیت "ئەگەر پلانی جێگرەوەی کاڵا نەبێت، بەهۆی کەمبونەوەی کاڵا و خواست لەسەریان، بەهاکەیان بەرزدەبێتەوە، بەجۆرێک کە هاوڵاتیان بەرگەی بەرزبونەوەی نرخەکان بەو رێژەیە ناگرن".

بەرزبونەوەی کاڵاکان و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە هۆکارەکەی داخستنی سنورەکانە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی کۆرۆنا، روانگەی چاودێران ئەوەیە ئەگەر حکومەت بتوانێت جۆرێک لە هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەبازار رابگرێت ئەویش بە رێگریکردن لە شاردنەوەی کاڵاکان لەلایەن بەشیک لە بازرگاکانان و هەروەها بە دۆزینەوەی کاڵای جێگرەوە لە ماوەی کەمدا دەتوانێت بەسەر ئەو ئاستەنگییەدا زاڵببێت.


H.H


PM:08:05:11/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 4436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت