راگه‌یه‌ندراوی كۆشكی سپی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و دۆناڵد ترەمپ

‌دۆناڵد ترەمپ و نێچیرڤان بارزانی

وێستگه‌ نیوز ـ
کۆشکی سپی لە راگەیه‌ندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەمریکای بڵاوکردەوە و دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاوبەشیی بەردەوامی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.


بەپێی راگەیه‌ندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە پابەندی خۆیان بۆ کارکردن بۆ تێکشکاندنی داعش دووپاتکردەوە.

سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی کردووه‌ بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی بەردەوامی بۆ ئاوارە و پەنابەران.

هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار و دۆستانەدا لە داڤۆس، خۆشحاڵم بووم بە بینینی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، ئەو پێزانینی هەبوو بۆ رۆڵی کوردستان لە شەڕی بەیەکەوە لە دژی داعش و پارێزگاریکردن لە کەمینەکان. من سوپاسی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکام کرد بۆ سەرکردایەتی و پاڵپشتی. ئێمە قسەمان لەسەر بەشەکانی دیکەی عێراق و هاوئاهەنگی ئابووری کرد".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بەرهەم ساڵح ، سەرۆک کۆماری عیراق و و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا  لە کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس لە سویسرا کۆبوونەوە.

دۆناڵد ترەمپ  لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاند، "لەگەڵ عیراق كاری زۆر پێكەوە دەكەین، لەبواری سەربازیدا پێكەوە كاردەكەین، سەبارەت بە داعش پێكەوە كار دەكەین و بەرەوپێشچونی باش هەیە لە نێوان هەردولا".

سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆك كۆماری عیراق-ی وت، "ئێمە هاوڕێی یەكترین و دەمەوێت سوپاست بكەم".

لای خۆشیەوە بەرهەم ساڵح رایگەیاند، "دەرفەتێكی گرنگە كە دەمەوێت گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆك ترەمپ بكەم، بۆ قسەكردن لەسەر بەرەوپێشچونەكانی ناوچەكە، ئاڵنگارییەكی زۆر لەئێستادا هەیە، بەهیوای ئەوەین گفتوگۆكەمان بەرهەمداربێت، ئەمریكا رۆڵێكی سەرەكی بینیوە لە شەڕی داعشدا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویست دەكات روبەڕوبونەوەی داعش بەردەوامی پێبدرێت و كۆتایی پێبهێنرێت، من هەمان بۆچونم هەیە كە پێویستە عێراق خاكێكی سەربەخۆ و سەقامگیری هەبێت".

ترەمپ دوای قسەکانی بەرهەم ساڵح جارێکی تر وتی "زۆر بابەت هەیە دەبێت قسەی لەسەر بكەین بەناوی ئیدارەی خۆمەوە دەتوانم بڵێم پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عیراق زۆر باشە، ئێستا ژمارەی سەربازەكانمان بۆ پێنج هەزار سەرباز لە عیراق كەمبوەتەوە كە ژمارەیەكی مێژوویی زۆر كەمە".

هــ. ر


PM:09:36:22/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 3420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو