نه‌وه‌ی نوێ: ده‌نگ به‌ پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی ناده‌ین

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

وێستگه‌ نیوز ـ

جێگری‌ سەرۆکی‌ فراکسیۆنی‌ نەوەی‌ نوێ رایگەیاند، دەنگ بە پڕۆژەیاسای چاکسازیی نادەن و لەگەڵ ئەوەشدانیین کە خانەنشینی‌ پلەتایبەتەکان لە هەرێمی‌ کوردستاندا بمێنێت.


کاوە عەبدولقادر، جێگری‌ سەرۆکی‌ فراکسیۆنی‌ نەوەی‌ نوێ لە کۆنفرانسێکی‌ رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، دەنگ بەو پرۆژەیاسایە نادەن و پێویستە پەرلەمانی‌ کوردستان پرۆژەکە بکات بە پرۆژەیەکی‌ گشتگیر لە بەرژەوەندی‌ خەڵکی‌ هەرێمی‌ کوردستان.

وتیشی: "تێبینیمان لەسەر خانەنشینی‌ هێزەکانی‌ ناوخۆ هەیە، کە لە پرۆژەیاساکەدا باسنەکراوە".

لەلایەکی تره‌وە، رووپاک ئەحمەد، پەرلەمانتاری‌ فراکسیۆنی‌ کۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ رایگەیاند، تێبینییان لەسەر هەژماری‌ بانکی‌ هەیە کە بەوردی‌ لە پرۆژەکە باسنەکراوە و باس لە رێژەی‌ کەمترین مووچەی‌ خانەنشینی‌ نەکراوە.

فراکسیۆنەکانی‌ نەوەی‌ نوێ و کۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ جەختیان لەوەکردەوە، تێبینییان لەسەر پرۆژەیاسای‌ چاکسازی‌ هەیە و تەنیا یەک کاتژمێر دراوە بە لیژنەی‌ یاسایی پەرلەمان بۆ نووسینی‌ راپۆرتی‌ لیژنەکە لەسەر پرۆژەیاساکە.

لە لایەکی ترەوە ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا"لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دوو بڕگەی دیکە تایبەت بە مووچە و چاکسازیی لە خانەنشینەکانی هەرێمی کوردستان زیاد کرا و دواتر رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا".

روونیکردەوە، برگەی یەکەم تایبەتە بەوەی هەر مووچەخۆرێک و سوودمەندێک لە بودجەی گشتی هەژمارێکیان بۆ دروست دەکرێت و لەوێ هەموو مافە دارییەکانیان بەوانەشی کە خەرج نەکراون دەپارێزرێت.

راشیگەیاند: بڕگەی دووەم کە تایبەتە بە خانەنشینان، بڕیاردرا ئەو بڕە پارەیەی کە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی لە ئەنجامی چاکسازییەکان، ئەولویەتی بۆ خانەنیشان دەبێت و دەبێت مووچەی خانەنشینان بەرزبکرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، یەکشەممەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی خوێندنەوەی دووەم و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازیی کۆدەبێتەوە.

هــ. ر



PM:12:59:09/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 3836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو