به‌لجیكا شه‌ش منداڵی جێماوی چه‌كدارانی داعش وه‌رده‌گرێته‌وه‌

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
دیدییە ریندەرز وەزیری دەرەوەی بەلجیکا ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی شەش منداڵی بێباوکی جێماوی چەکدارانی داعشی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکوری سوریا وەرگرتووەتەوە، کە پێشتر باوکیان پەیوەندییان کردووە بە ریزی چەکدارانی داعشەوە لە ناوخۆیی سوریا.


لە لێدوانێکدا وەزیری دەرەوەی بەلجیکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، ئەو شەش منداڵە گەیشتوونەتەوە بەلجیکا و لە ئێستاشدا لە لایەن دەزگای گەنجان و داواکاری گشتیی وڵاتەکەیەوە چاودێری دەکرێت و رێوشوێنی ژیان و گوزەرانیان بۆ دابیندەکرێت.

لەو بارەیەوە دەزگای داواکاری گشتیی بەلجیکا بڵاویکردەوە، هەریەکە لەو شەش منداڵە لە رووی دەروونییەوە چاودێری و رێنمایی دەکرێن، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە بایەخیان پێدەدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو منداڵانە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناوخۆیی سوریا و لە دۆخێکی زۆر نالەباردا ژیانیان بەسەر بردووە.

بە وتەی دەزگای داواکاری گشتی یەکێک لەو منداڵانە بەم دواییانە 18 ساڵی تەواو کردووە.

بەر لەوەی ئەو منداڵانە بگەنەوە وڵاتی خۆیان، حکومەتی بەلجیکا ئاشکرایکردبوو، چوار لەو منداڵانە تەمەنیان لەسەرووی دە ساڵانەوەیە و بە گوێرەی یاسای ئەو وڵاتەش هیچ یەکێکیشان بە تۆمەتبار لە قەڵەم نادرێن.

ئەوەش بۆ یەکەمجارە حکومەتی بەلجیکا پرۆسەیەکی لەو جۆرە رێکدەخات بۆ وەرگرتنەوەی ئەو منداڵانەی کە لە دوای چەکدارە داعشە بیانییەکان لەناوخۆیی سوریا جێماون و لە کەمپی پەنابەرانی ژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە چاودێری و سەرپەرشتی کراون.

بە گوێرەی هەندێک لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان هێشتا نزیکەی 50 بۆ 60 منداڵ و مێردمنداڵی دیکەی بەلجیکی لە کامپی ئاوارە و پەنابەرانی هول و رۆژ و عەین عیسای رۆژئاوای کوردستانن و تا ئێستا لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەیانەوە وەرنەگیراونەتەوە.

تا ئێستا چەندجارێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای کورستان، داوایان لە حکومەتکانی جیهان کردووە، چەکدار و ژن و منداڵی بیانی ڕێکخراوی داعش وەربگرنەوە، بەڵام  تا ئێستا وڵاتەکانیان ئامادە نین وەریانبگرنەوە.

هــ. ر


AM:10:27:15/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 1736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو