ئێران دەڵێت تاوەکو سزاکانی ئەمەریکا لەسەرمان لانەبرێن گفتوگۆ ناکەین

‌وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف

وێستگە نیوز -
وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای دایەوە و ڕایگەیاند، تا گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتەکەی هەڵنەگیرێت، گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا دەستپێناکەن.

ئێران سزاکانی ئەمریکای بە جەنگی ئابووری ناودێر کرد و وتی ناکرێت لەگەڵ ئەمریکادا گفتوگۆ بکەین هەتاوەکو ئەو سزایانە لانەبرێن. ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوە هات ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا ئەگەر ئێران ڕەفتارەکانی بگۆڕێت ئەوا ئەمەریکا ئامادەیە لەگەڵ ئێراندا گفتوگۆ بکات بەبێ هیچ پێش مەرجێک.

وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف لە تویتێکدا کە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دایکێکی داناوە لەگەڵ منداڵەکەیدا کە پێویستی بە قاچی دەستکرد هەیە وتی " تیرۆری ئابووری دژی ئێران هاوڵاتیانی مەدەنی کردۆتە ئامانج، وەکو ئەم منداڵە کە دایکە غەمبارەکەی ناتوانێت دوو قاچی دەستکرد بۆ منداڵەکەی بکڕێت لەکاتێکدا منداڵەکەی گەورە دەبێت، ئەوان لەژێر سزادان."

زەریف وتیشی " ئەمە جەنگی ئابووری دانۆڵد ترامپە، جەنگ و وتوێژ، بە مەرج یاخود بەبێ مەرج، یەک ناگرنەوە."

ڕۆژی یەکشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی ئەمەریکا ئامادەیە لەگەڵ ئێراندا بەبێ هیچ پێش مەرجێک وتوێژ بکات سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی تاران، بەڵام دەیەوێت ئێران وەکو دەوڵەتێکی ئاسایی ڕەفتار بکات.


PM:02:31:04/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 3668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو