"دەستبەسەر پاسپۆرتە ئەمریکییەکەی نەجمەدین کەریمدا گیراوە و رێگەی نادەن گەشت بکات"

‌نه‌جمه‌دین كه‌ریم

وێستگە نیوز ـ
رۆژنامەی ئەخباری لوبنانی بڵاویکردەوە، نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک، هێشتا لە لوبنانە و دەستبەسەر پاسپۆرتە ئەمرکییەکەیدا گیراوە و رێگەی پێ نادەن گەشتی دەرەوە بکات، تا دۆسیەکەی لە بەغداوە دەگاتە دەست دادگای لوبنان.

رۆژنامەکە لە ژمارەی ئەمرۆیدا شەممە 25ی ئایاری 2019، بڵاویکردەوە، نەجمەدین کەریم کە لە رۆژی 22ی ئەم مانگەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی رەفیق حەریری، لە لایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە دەستگیر کرا، بەڵام دەسەڵاتدارانی لوبنان بۆ رۆژی دواتر ئازادیان کردو رێگەی گەشتکردنیان لێگرتووە و دەستیشیان بەسەر پاسپۆرتە ئەمریکییەکەیدا گرتووە.

رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، هۆکاری رێگریکردن لە گەشتی نەجمەدین کەریم بۆ ئەوەیە، دەسەڵاتدارانی لوبنان لە چاوەڕوانی ناردنی دۆسیەی دادوەرییەکەی ناوبراون بۆ بەیروت، بە مەبەستی سەیرکردن و بڕیاردانی پێویست لەوبارەیەوە بۆ ئەوەی رادەستی دادگای عیراقی بکاتەوە.

لە لایەکی ترەوە رۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی عیراقەوە بڵاویکردووەتەوە، بەغدا هەموو هەوڵەکانی هەولێر رەتدەکاتەوە لە پێناو ئازادکردنی نەجمەدین کەریمدا، چونکە ناوبراو لە لایەن دادگاکانی عیراقەوە داواکراوە نەک دەزگای دادوەری هەرێمی کوردستان.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەوەی دەگوترێت کە بەغدا دەیەوێت بە پەلە پارێزگاری پێشووی کەرکوکی رادەستبکرێتەوە دوورە لە راستییەوە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت دادگا رێچکەی خۆی بگرێت.

بە وتەی رۆژنامەکە نەجمەدین کەریم لە لایەن دادگای عیراقەوە چەند تۆمەتێکی ئاراستەکراوە، لە دیارترینیان دۆسیەی ئەمنی و داراییە.

بە وتەی رۆژنامە لوبنانییەکە کە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، ئاماژە دەکات بەوەی ئەیاد عەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی خەریکی ناوبژیوانییە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنانیدا بۆ ئازادکردنی نەجمەدین کەریم، ئەویش بەهۆی ئەو پەیوەندییە پتەوەی کە لەگەڵ رەفیق حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبناندا هەیەتی.

ئەوەش لە کاتێکدایە نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک رۆژی 22ی ئەم مانگە رایگەیاند، ئەو لە ئێستادا بە گەشتێک لە بەیروتی پایتەختی لوبنانە و دەستگیر نەکراوە.

نەجمەدین کەریم لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی‌ بەوەشدا، لەلایەن پۆلیسەوە بۆ چەند خولەکێک بانگکراوە و پێیان وتووە کە ناوەکەی‌ لەگەڵ ناوی‌ کەسێکی‌ دیکە تێکەڵ بووە.

نه‌جمه‌دین كه‌ریم کە پێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووە، لە دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ، شاری كه‌ركوكی جێهێشت و چووه‌ هه‌ولێر نیشتەجێ بوو، هەر لەو کاتەشەوە په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كێتییه‌وه‌ پچرا.

هــ. ر


AM:09:19:25/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 3216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو