نووسینگه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

‌نەجمەدین کەریم

وێستگه‌ نیوز ـ
نووسینگەی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری له‌كارلادراوی كه‌ركوك روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، چەند ئەندام پەرلەمانێکی بزووتنەوەی گۆڕان  هێرشیان کردووەتە سەر نەجمەدین کەریم و تۆمەتباریان کردووە کە گوایە بڕی 50 ملیۆن دۆلار بەشە پارەی پترۆ دۆلاری کەرکوک خراوەتە سەر ئەژماری ئەو، کە هەواڵەکە دوورە لە راستییەوە.


نووسینگه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: "لەگەڵ دروست بوونی داعش لەمانگی حوزه‌یرانی 2014 وە لەلایەن حکومەتی عیراق ھەموو ئەو پارانەی کە بۆ کەرکوک تەرخان کرابوو راگیرا، شاری کەرکوک تووشی قەیرانی دارایی بوو، بەڵام دوای ھەوڵێکی زۆری نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری کەرکوک، لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سوپاسی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین بەتایبەت نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کە بەتێگەیشتن و دڵسۆزیەکی تەواوەوە دەیڕوانیە شاری کەرکوک گەیشتینە رێکەوتنێک کە مانگانە بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەک پشکی کەرکوک لە پترۆدۆلار بدرێت بە ئیدارەی کەرکوک و رێككه‌وتنه‌كه‌ لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکوک) لە 1-1-2016 خرایه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌".

دەقی روونکردەوەکەی‌ نووسینگەی‌ نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشوی کەرکوک:

چەند رۆژێکە لەلایەن چەند ئەندام پەرلەمانێکی بزوتنەوەی گۆڕان کە ھەریەک (عەلی حەمە ساڵح، ئەندام پەرلەمانی کوردستان و کاوە محەمەد مەولود، ئەندام پەرلەمانی عیراق) ھێرشێکی ناڕەوا و دوور لە راستیان دەست پێکردووە دژ بە (دکتۆر نەجمەدین کەریم) کە گوایە بڕی 50 ملیۆن دۆلار بەشە پارەی پترۆ دۆلاری کەرکوک خراوەتە سەر ئەژماری تایبەتی دکتۆر نەجمەدین کەریم و بۆ ئەم ھەواڵە درۆینە چەند دەزگایەکی راگەیاندن بێ ئەوەی لە راستی بابەتەکە بکۆڵنەوە بە شێوەیەکی راستی بۆ ھاولاتیانی کوردستان و شاری کەرکوکی بخەنەڕوو بەداخەوە ئەو دەزگایانەش کەوتنە ھەڵەی خۆیانەوە.

لەگەڵ دروست بوونی گروپی تیرۆرستی داعش لەمانگی حوزه‌یرانی 2014 وە لەلایەن حکومەتی عیراق ھەموو ئەو پارانەی کە بۆ کەرکوک تەرخان کرابوو راگیرا، شاری کەرکوک تووشی قەیرانی دارایی بوو، بەڵام دوای ھەوڵێکی زۆر و جوھدێکی زۆری نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری کەرکوک، لەگەڵ حوکمەتی ھەرێمی کوردستان و سوپاسی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین بەتایبەت سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کاک ( نێچیرڤان بارزانی) کە بەتێگەیشتن و دڵسۆزیەکی تەواوەوە دەیڕوانیە شاری کەرکوک گەیشتینە ڕێکەوتنێک کە مانگانە بری 10 ملیۆن دۆلار وەک پشکی کەرکوک لە پترۆدۆلار بدرێت بە ئیدارەی کەرکوک ئەم ڕێکەوتنە لەلایەن بەرێزان ( حوکمەتی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکوک ) لە بەرواری 1-1-2016 کرایە بواری جێ بەجێکردنەوە.

کە ئیدارەی کەرکوک توانی دەیان پرۆژەی گەورە و ستراتیجی لەشاری کەرکوک پێ جێبەجێبکات وەک پردی شەھید شێرکۆ لە ناوچەی شوان و پردی شەھید عه‌لی عەسکەری لە ناو شار و بەرزە پردی شوھەدا لە خوارووی کەرکوک وە دروست کردنی دەیان پەیمانگای تەندروستی و قوتابخانەی نموونەیی و سەردەمیانە وە دروستکردنی دەیان باخچە لەناو شار وە لە زۆر بواری تردا سوودمان لەم بڕە پارەیە بینی.

لێرەدا بەنوسراو و بەڵگەی فەرمی چەند راستیەک دەخەینەڕوو

1- بەھیچ جۆرێک ھیچ ئەژمارێکی تایبەتی بەناوی بەرێز دکتۆر نەجمەدین کەریم نەبووە لە بانکی کوردستانی نێودەوڵەتی لەھەولێر بەڵکو بە رەزامەندی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و بە نوسراوی فەرمی پارێزگای کەرکوک ژمارە (801 لە 1-2-2016 وە نوسراوی ژمارە 1667 لە 1-3-2016) کە ئاراستەی نووسینگەی بەڕێز وەزیری دارایی حکومەتی عیراق کراوە و ئاگادارکراونەتەوە لە وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە کە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەک پشکی کەرکوک لەپارەی پترۆ دۆلار دەدرێت بەئیدارەی کەرکوک کە دەخرێتە سەر ئەژماری تایبەت بەپارێزگای کەرکوک نەک پارێزگار.

2- ھەموو رێکارێکی یاسایی و ئیداری کراوە بۆ کردنەوەی ئەژماری تایبەت بە پارەی پترۆ دۆلار لەبانکی کوردستان و دواتر گواستنەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ بانکی رەشید لقی یەکی حوزەیران لەکەرکوک کە بانکێکی حکومیە سەر بە وەزارەتی دارایی حکومەتی عیراقە.

3- ھەموو رێکارێکی یاسایی و ئیداری کراوە بۆ چۆنیەتی سەرفکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و ستراتیجیەکان کە مانگانە لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەردەگیرا.

4- بەنووسراوی فەرمی بانکی ناوەندی عیراق فەرمانگەی ژمێریاری بە نوسراوی ژمارە (4860 لە 15ی ئابی 2018) کە بڕی 51 ملیۆن و 174 هه‌زار و 920 دۆلار مابوو لە سەر ئەژماری پارێزگای کەرکوک گواسترایەوە بۆ بانکی ناوەندی عیراق دواتر دەگەرێتەوە بۆ پارێزگای کەرکوک.

هــ. ر


AM:09:14:30/05/2019








ئه‌م بابه‌ته 3992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو