به‌وێنه‌.. له‌ دهۆك مزگەوتێک زیاتر لە دوو سەدەیە نوێژی‌ تیادا دەکرێت

‌فۆتۆ: ئەنادۆڵ

وێستگه‌ نیوز ـ
مزگەوتی‌ کۆنی‌ دارەتوو دەکەوێتە ناوەڕاستی‌ ناحیەی‌ دارەتووی‌ قەزای‌ بەردەڕەش و لە خشت و حەسیر دروستکراوە.


مزگەوتی‌ کۆنی‌ دارەتوو لە دوو بەش پێکهاتووە و لە نێوان هەردوو بەشدا، سێ دەرگای‌ کەوانەیی هەیە و بە شێوەیەکی‌ ئەندازەیی دروستکراون و لە نێوان هەر دەرگایەک چەند شوێنێکی‌ تایبەت هەیە بۆ هەڵگرتنی‌ قورئان و پەرتووکە ئایینییەکان، لە دیوی‌ راست و چەپی‌ مزگەوتەکە پەنجەرە کراوەتەوە بۆ ئەوەی‌ تیشکی‌ خۆ بگاتە ناو حەرەمی‌ مزگەوتەکە.

لە ناوەڕاستی‌ مزگەوتەکەدا چرایەک دانراوە لە کاتی‌ بچڕانی‌ کارەبا، چراکە هەڵدەگیرسێن و بەساڵاچووان یادی‌ دەیان ساڵ پێش ئێستایان بە مێشکدا دەگوزەرێت و گەنجان و منداڵانیش بە تامەزرۆییەوە لێی‌ دەڕوانن.

هەر لە مزگەوتی‌ کۆنی‌ دارەتوو کۆمەڵێک مێردمنداڵ پێکەوە کۆبوونەتەوە و وێڕای‌ خوداپەرستی‌ لەناو مزگەوتەکەدا یەکتری‌ فێری‌ قورئان خوێندن دەکەن و دەڵێن ئەم مزگەوتە مەڵبەندی‌ رۆشنبیریی ئایینیمانە.

فەیزوڵڵا میکائیل، ماوەی‌ نزیکەی‌ دوو دەیەیە لەو مزگەوتە بانگدەرە لە لێدوانێکی‌ بۆ ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵ وتی‌: "مێژووی‌ دروستکردنی‌ مزگەوتی‌ کۆنی‌ دارەتوو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی‌ 1805 زایینی‌ و چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە دواینجار کە نۆژەنکرایەوە بەرلە 64 ساڵ بوو، ئێستاش چەند بەشێکی‌ مزگەوتەکە پێویستی‌ بە نۆژەنکردنەوە هەیە".

ناوبراو چیڕۆکی‌ دەستنیشانکردنی‌ شوێنی‌ مزگەوتەکە بۆ بەرلە زیاتر لە دوو سەدە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "کاتی‌ دروستکردنی‌ مزگەوتەکە دانیشتووانی‌ ئەوکاتی‌ گوندی‌ دارەتوو (ئێستا ناحیەی‌ دارەتوو) ناکۆک بوون لەسەر دەسنیشانکردنی‌ شوێنەکە، بۆ دیاریکردنی‌ شوێنی‌ مزگەوتەکە و کۆتایی هێنان بە ناکۆکی نێوان هاوڵاتییانی‌ گوندەکە لە نێوان خۆیان رێککەوتن کە ئاسکێک ئازاد بکەن لە نێوان هەردوو پێکهاتەی‌ ئەوکاتی‌ دارەتوو، گرەوەکەش لەسەر ئەوەبوو ئاسک لە کوێ بوەستێت مزگەوت لەوێ دروست بکریت".

لە تەک مزگەوتی‌ کۆنی‌ دارەتوو گۆڕی‌ مامۆستای ئایینی‌ عەبدولکەریم حاجی‌ مەلا ساڵحی‌ مودەڕیس هەیە، کە یەکەم پێشنوێژ و وتارخوێنی‌ مزگەوتەکە بووە.

لە مزگەوتەکەدا پێنج فەرزە بانگدان و نوێژی‌ تیادا ئەنجام دەدرێت، بەڵام بە هۆی‌ بچووکی‌ شوێنەکەی‌ نزیکەی‌ 10 ساڵ دەبێت وتاری‌ هەینی‌ و نوێژی‌ هەینی‌ تیادا ئەنجام نەدراوە.

لە مانگی‌ رەمەزانیشدا رۆژووەوانان روو لە مزگەوتەکە دەکەن و لەگەڵ خۆیان خورما، ئاو، شەربەت و چەندین خواردن و خواردنەوەی‌ دیکە دەهێنن بە مەبەستی‌ کردنەوەی‌ بەربانگ لە مزگەوتدا.

هــ. ر


AM:10:01:20/05/2019






ئه‌م بابه‌ته 2784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو