زانیاری مەترسیدار لەسەر ئامادەکارییەکانی ئێران و ئەمریکا بۆ شەڕ لە خاکی عیراقدا ئاشکرا دەبێت


وێستگە نیوز-

بەرپرسێکی هۆزە عەرەبەکانی عیراق رایدەگەێنێت "ئەمریکا ٥٠ هەزار سەربازی لە عیراق جێگیرکردووە و ئێرانیش موشەکی بالیستی داوە بە حەشدی شەعبی".

ئەمڕۆ سێ‌شەممە مزاحم ئەحمەد حوێت وتەبێژی هۆزە عەرەبەکان لەناوچە جێناکۆکان بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی راگەیاندوە "ئێران چەکی زۆرى گەیاندووەتە حەشدى شەعبى لە عێراق بۆ بە ئامانجگرتنى هێزەکانى ئەمریکا لەو وڵاتە و ئەمریکا لەئێستادا زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازى لە سەربازگەکانى عێراق جێگیرکردووە و زانیارى پشتڕاستکراویشمان هەیە کە لە چەند رۆژى داهاتوودا نزیکەى ١٠٠ هەزار سەرباز و راوێژکارى دیکە رەوانەى عێراق دەکات، ئامانج لە کۆکردنەوە و جێگیرکردنى سەربازەکان هێرشکردنە بۆسەر ئێران".

مزاحم ئەحمەد حوێت ئاماژەی بەوەداوە "ئەو هێزەى ئەمریکا بە چەک و کەرەستەیەکی سەربازی زۆرەوە لە عێراق جێگیرکراوە، هەرچەند عێراق وەها خۆى نیشان دەدات کە بێلایەن بێت لە نێوان ململانێ و شەڕى نێوان تاران و واشنتۆن، بەڵام عێراق بەشێکى گەورەى هاوکێشە سەربازى و سیاسییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران دەبێت".

وتەبێژى هۆزە عەرەبەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان باسی لە هەنگاوەکانى ئێران لە عێراق دژبە ئەمریکا دەکات و وتویەتی "ئێرانیش ئامادەکارى تەواوى کردووە بۆ بە ئامانجگرتنى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق و بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەکى زۆر لە موشەکى بالیستیکى ئێران رادەستى حەشدى شەعبى لە عێراق کراوە تاوەکو بنکە و بارەگاى هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق پێ بکرێتە ئامانج".

حوێت ئەوەشی وتوە "گەیاندن و دابەشکردنى مووشەکى بالیستیکى و جۆرەها چەک لە ئێرانەوە بۆ عێراق لەژێر چاودێرى قاسم سولەیمانى بووە کە ئێستا لە عێراقە و سەرقاڵى یەکخستنەوەى نێو ماڵى شیعە و حەشدى شەعبییە دژبە بوونى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق، بۆ ئەم مەبەستەیش لە کۆبوونەوەى بەردەوامدایە".

ئەو بەرپرسەی هۆزەکانی ناوچە جێناکۆکانە وتوشیەتی "ئێران دەیەوێت چەند بنکە و بارەگا و کاروانێکى ئەمریکا لە عێراق بکاتە ئامانج، بە مەبەستى کەمکردنەوەى فشارە سەربازییەکانى ئەمریکا لەسەر ئێران کە رەنگە ئەمە دەرگاى جەنگێکى گەورە و خوێناوى بکاتەوە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، ئەمەیش کاریگەرى نەرێنى لەسەر عێراق دەبێت و ناوچە سوننە نشینەکانیش زیانمەند دەبن".

هــ. ب


PM:02:31:14/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 8152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو