"ئه‌مریكا ئاماده‌كاری بۆ ناردنی 120 هه‌زار سه‌رباز بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات"
وێستگه نیوز –
رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مریكی ئاشكرایكرد كه به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی 120 هه‌زار سه‌رباز ره‌وانه‌ی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌ن تا وه‌ڵامی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی كۆماری ئیسلامی ئێران بداته‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز"ی ئه‌مریكی رایگه‌یاند كه وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا "پنتاگۆن" پلانێكی سه‌ربازی پێشكه‌وتووی ئاماده‌كردووه بۆ ئه‌وه‌ی 120 هه‌زار سه‌رباز ره‌وانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكات گه‌ر ئێران هێرشی كرده‌سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا یاخود ده‌ستی به به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی كرده‌وه.
رۆژنامه‌كه له زاری دوو به‌رپرسی كۆشكی سپی-یه‌وه كه ناوه‌كانی ئاشكرا نه‌كردوون، ده‌ڵێت: "رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو پاتریك شاناهان وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا به‌وه‌كاله‌ت له میانی كۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره‌راوێژكارانی ئه‌منی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌و پلانه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو".
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌و پلانه له‌سه‌ر داوای جۆن بۆڵتن راوێژكاری كاروباری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا دانراوه.
به‌گوێره‌ی "نیویۆرك تایمز" ئه‌م سیناریۆیه چوونه ناو خاكی ئێران له‌ڕێی زه‌مینییه‌وه ناگرێته‌وه، چونكه ئه‌و كاره پێویستی به ژماره‌یه‌كی زیاتر سه‌رباز هه‌یه.
شه‌وی رابروو دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا هۆشدارییه‌كی توندی دایه ئێران و رایگه‌یاند كه هه‌ر هه‌نگاوێكی دوژمنكارانه دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره ده‌بێت.
رۆژی دووشه‌ممه 6ی ئایاری 2019 ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كه‌شتییه‌كی فڕۆكه‌هه‌ڵگر و بۆمبهاوێژی "B52" ره‌وانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد "تاوه‌كو په‌یامێكی روون و ئاشكرا به ڕژێمی ئێران بدات سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هه‌ر هێرشێك بكرێت بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیـیه‌كانی ئه‌مریكا یان هاوپه‌یمانه‌كانمان، ئه‌وا به هێزێكی پـۆڵاین وه‌ڵام ده‌درێته‌وه".
هاوكات جۆزێف دانفۆرد سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌شی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه بڕیاری ناردنی كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگری "ئابراهام لینكۆڵن" بۆ كه‌نداوی عه‌ره‌بی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێرانه له ناوچه‌كه‌دا.
ئێواره‌ی سێشه‌ممه‌ش 7ی ئایاری 2019 وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایك پۆمپیۆ له‌سه‌روبه‌ندی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران له ناوچه‌كه‌دا، به‌سه‌ردانێكی پێشتر رانه‌گه‌یه‌ندراو گه‌یشته به‌غدا و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له گه‌وره به‌رپرسانی عیراق كۆبوویه‌وه.
دوای سه‌ردانه‌كه‌شی مایك پۆمپیۆ به رۆژنامه‌وانانی یاوه‌ری راگه‌یاند كه ئه‌مریكا له‌باره‌ی سه‌روه‌ری عیراق ھه‌ستی به نیگه‌رانی كردووه به تایه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی ئێران له‌و وڵاته زیادی كردووه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی وت كه "ھاتنم بۆ به‌غدا به ھۆی ئه‌و زانیارییانه بوو كه له باره‌ی زیادكردنی چالاكییه‌كانی ئێران له عیراق به‌ده‌ستمان گه‌یشتبوو".
شه‌وی چوارشه‌ممه 8ی ئایاری 2019، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی: "ناكرێت روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ ئێران به‌دوربزانین".
دواتر و له رۆژی پـێنجشه‌ممه 9ی ئایاری 2019 فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی سوپای ئه‌مریكا له‌سه‌ر تویته‌ر و فه‌یسبوكه‌كه‌ی وێنه‌ی فڕۆكه بۆمب هاوێژه‌كانی بڵاوكرده‌وه كه گه‌یشتوونه‌ته بنكه‌ی ئاسمانی ئه‌لعه‌دید له وڵاتی قه‌ته‌ر.
هاوكات فه‌رمانده‌یه‌تی ناوه‌ندی سوپای ئه‌مریكا له بڵاوكراوه‌یه‌كی دیكه‌ی له‌سه‌ر تویته‌ر چه‌ند وێنه‌یه‌كی كه‌شتی فڕۆكه هه‌ڵگری USS Kearsarge ی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه چۆن له ته‌نگه‌ی هورمز بۆ مسۆگه‌ركردنی سه‌لامه‌تی هاتوچۆی ده‌ریایی پاسه‌وانی ده‌كات.
AM:09:02:14/05/2019
ئه‌م بابه‌ته 10636
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت