رزگاربوویه‌كی ئه‌نفال: خوشک و برایەکم لە برسا مردن

‌ئیسماعیل ساڵح

وێستگه‌ نیوز ـ
ئیسماعیل ساڵح، یەکێک لەو کەسانەی کە لە ئەنفالی رەشدا تەواوی خزم و کەسوکارەکەی ئەنفالکراون و گوندەکەشیان وێرانکراوە، خۆی لەگەڵ خانەوادەکەیدا راپێچی نوگرەسەلمان کراون، لەوێ خوشک و برایەکی لە برسا مردوون و نیوەی خانەوادەکەشی لەناوچوون، ئەو دەدوێت و باس لە ئازارەکانی ئەو مێژووە رەشە دەکات.


قۆناغی سێیەمی ئەنفال، کە بە ئەنفالی گەرمیان یان ئەنفالی رەش ناسراوە و قورسترین قۆناغی ئەنفال بوو، رۆژی 7ی نیسانی ساڵی 1988 دەستیپێکرد و هەموو ناوچەکانی چەمچەماڵ، سەنگاو، کفری، کەلار، زنانە، قادر کەرەم، دوز، پێباز و تیلەکۆ و لەیلانی گرتەوە و زیاتر لە 500 گوند و چوار شارەدێ وێرانبوون و دەیان هەزار ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە- یان لە دوای زیلە سەربازییەکانەوە بردە بیابانەکانی عەرعەر و زیندانەکانی دبس و نوگرەسەلمان و زیندەبەچاڵ-یان کردن.

لەناو تۆزی بیابان و دەنگی ترسێنەری رەشەبای مەرگ، هەندێک مرۆڤ لە کۆتاییەکانی قۆناغەکەدا بە بڕیاری لێبووردنی گشتی رزگاریان بووە و چیرۆکە ترسناکەکانی ئەنفالیان لەناو سینەیاندا هەڵگرتووە بۆ ئەوەی بە گوێی مێژووی رەشی داگیرکارییدا بیچرپێنن.

یەکێک لە رزگاربووانی ئەفال ئیسماعیل ساڵح-ە، کە ئەوکات تەمەنی تەنها شەش ساڵ بووە، ئەو جگە لەوەی کە تەواوی کەسوکارەکەی ئەنفال کراون و گوندەکەیان وێرانکراوە، خۆی و 11 ئەندامی خانەوادەکەی راپێچی بیابانەکانی عەرعەر و زیندانی نوگرەسەلمان کراون و لەوێ خوشکێک و برایەکی لە برسا مردوون، زیاتر لە شەش مانگ لەژێر زوڵم و ستەم و ئەشکەنجەی بەعسدا لە زیندان ماونەتەوە و دوای دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوونی گشتی تەنها خۆی و دایکی و خوشکێکی رزگاریان بووە و گەڕاونەتەوە.

ئەو پێ بەپێ هەموو ئەو دیمەن و ساتانەی کە بەچاوی خۆی دیویەتی و تیایدا ژییاوە دەگێڕێتەوە، ئیسماعیل گێڕانەوەکەی لە ساتی یەکەمەوە دەستپێکرد و لە گوندەکەی خۆیانەوە دەستیکرد بە گێڕانەوە و وتی: "ئێمە پێش ئەنفال لە گوندی خۆمان لە قەڵا چەرمەڵە لە ناوچەی داودە، خەریکی کشتوکاڵ و درەو و داس و ئاژەڵداریبووین و ژیانێکی سادە و بێ کێشەمان هەبوو، واتا فەقیری ماڵی خۆمان بووین، لەپڕ ئەنفال دەستیپێکرد، ئێمەش بۆ ئەوەی رادەست نەبین رامانکرد بۆ سەر بەرزاییەکانی مازۆخ لەسەر ئاوەسپی خۆمان شاردەوە، ئەوەندەی پێنەچوو جاش و سەربازێکی زۆر بە چەمەکەدا هاتن و فڕۆکەیەکیش ئاماده‌بوو".

ئەوان بە فرۆکە لە گوندەکەیان بردراون، "کاتێک رامانکرد باوکم شوانبوو ئاژەڵەکانی بردبووە دەرەوە بۆ لەوەڕاندن، دواتر کە گەڕابووە و دۆخەکەی بینی بوو، ئەویش خۆی گەیاندە ئێمە و ئاژەڵەکانی بەجێهێشت، سەربازەکان هاتن ئێمەیان قۆڵبەستکرد و دواتریش باوکم و لە فڕۆکەکە سەریان خستین، بیرمە شۆفێری فڕۆکەکە کاوڕێکی دانی قەڵەوی باشی دزی بوو بەستبووی بە کۆشینەکەی خۆیەوە، بە فڕۆکەکە براینە دووزخورماتوو".

"لە خورماتوو خراینە ناو پاسێكی گەورەوه‌ بۆ راگوێزکردنمان بۆ تکریت، لەو کاتەدا خەڵکی دووز عەبای ژنانیان هێنابوو هەندێک لە خەڵکەکە لە پاسەکە خۆی دەخستە خوارەوە و عەباکەیان بەسەریدا دەدا و رزگاریان دەکرد، دواتر  ئەفسەرەکە هاتوو میلی چەکەکەی راکێشا وتی ئەوەی بچێتە خوارەوە دەیکوژم، ئیتر نەمانتوانی تا براینە تکریت و لەوێشەوە بۆ زیندانی نوگرەسەلمان".

ئیسماعیل باس لە دڕندەیی رژێمی به‌عس لە نوگرەسەلمان دەکات و دەڵێت: "نوگرەسەلمان کارەساتبوو، کەسێک نەچووبێتە ناوی نازانێ چەند زەحمەتە، ئاوەکەی ژەهراویبوو، خواردنیش نەبوو، هەر سەرەتا پیاوێک لە برسا کەوتە گیانەڵا، سه‌ربازه‌کانیش هاتن بردیانە پێش خۆرەکەوە تا گیانی سپارد، دواتر خەڵکەکە تەرمەکەیان برد فڕێیاندا و تۆزێک و خۆڵ و بەردیان کرد بەسەریدا، چوونکە رێگەیان بە گۆڕ دروستکردن نەدەدا، سەرپەرشتیاری زیندانەکە ئەفسەرێک بوو بەناوی حەجاج، زۆر دڕندەبوو، هەموو رۆژێک بە قامچی و لێدان ئەکەوتە ناومان".

ئیسماعیل-ی شەش ساڵانی ناو گرتووخانەی نوگرەسەلمان وەها درێژە بە گێڕانەوە چیرۆکی بە ئازاری ئەنفال دەدات "لە نوگرەسەلمان خوشک و برایەکی شیرەخۆرەم لە برسا مردن، چونکە خواردن تەنها سەبوونێکی رەقیان دەدا پێمان، هەر لە پاڵ زیندانەکەدا تەرمەکان مان داناو کەمێک لممان دا بەسەریاندا، کەس بەتەمای رزگاربوون نەبوو لەو زیندانە، هەموومان نەخۆش و برسی و تینو بووین جگە لە ئەشکەنجە و لێدان".

ئیسماعیل کۆتایی گێڕانەوە پڕ ئازارەکەی بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە "دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش مانگ لە زیندانی نوگرەسەلمان لە ژێر ئازار و سوکایەتی و ئەشکەنجە و زوڵمێکی زۆر و کوشتنی دەیان هەزار کەسدا، بەدەرچوونی بڕیاری لێخۆشبوونی گشتی خۆم و دایکم و خوشکەکەم رزگارمانبوو، دواتر زیلەکان هاتن و کۆمەڵ کۆمەڵ بارکراین و هێنراینەوە بۆ شارەدێی رزگاری کە ئەوکات ئۆردوگا بوو، ئێمە کەوتینە کۆتا قافڵەوە".

سه‌رچاوه‌: رۆژ نیوز
هــ. ر


PM:12:36:13/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 4176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت