‌خوێندكارێك لە زانكۆوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئامادەیی
‌ژمارەیەک لە خوێندکاری زانکۆی سەلاحەدین.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
دوای زیاتر لە پێنج ساڵ دەردەكەوێت كچە خوێندكارێك لە پۆلی پێنجی ئامادەیی دەرنەچووە و چووەتە زانكۆش. دواتر لە زانكۆوە دەگەڕێندرێتەوە قۆناغی ئامادەیی. پەروەردەی سلێمانی لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەر و یاریدەدەری قوتابخانەكە پێكهێناوە.


سۆزیار فاتیح محەمەد، خەڵكی دەربەندیخانە و ئەمساڵ لە كۆلێژی وەرزشی زانكۆی سەڵاحەدین وەرگیراوە، سۆزیار مانگێكیش دەوام دەكات، بەڵام دەیگەڕێننەوە بۆ ئامادەیی.

سۆزیار، له‌و باره‌وه‌ به‌ هه‌فته‌نامه‌ی رووداو-ی راگه‌یاندووه‌: "ساڵی 2012-2013 پۆلی 10ی ئامادەیی بووم، لە وانەی بیركاری پەڕینەوەم هەبوو، لە پۆلی 11 تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەمم دا، بەڵام بۆ تاقیكردنەوەی دووەم ئاگادار نەكرام، پۆلی 11 و 12م تەواو كرد و لە كۆلێژی وەرزشی زانكۆی سەڵاحەدین وەرگیرام، هەموو شتكیش بەئاسایی دەڕۆیشت، بەڵام بڕوانامەكەیان هەڵوەشاندمەوە".

سۆزیار دەشڵێ: "لە مانگی 11ی 2018 بە رێكەوتی ساڵی 2017 بەڕێوەبەری قوتابخانە، بەڵێننامەیەكی بە باوكم واژۆ كردووە كە گوایە كاتی خۆی منیان ئاگادار كردووەتەوە لەوەی هەردوو وەرزەكە تاقیكردنەوە بكەم و ژێربەژێریش كێشەكە چارەسەر دەكەن، ئینجا بە تەلەفۆن ئاگاداریان كردمەوە بڕوانامەكەم لە كۆلێژ وەربگرمەوە و بگەڕێمەوە دەربەندیخان، هەڕەشەی ئەوەشیان كرد ئەگەر وانەكەم پەیوەندی بە كۆلێژەكەوە دەكەن و كۆتایی بە خوێندنەكەم ده‌هێنن".

سۆزیار پێیوایە بووەتە قوربانی هەڵەی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەكەی: "من هەموو كاتێك ئامادەبووم بۆ تاقیكردنەوە و چاوەڕێ بووم، بەڵام دوو پۆلی دیكەشم بەبێ پەڕینەوە بڕی و ئاگاداریان نەكردمەوە، ئێستاش دوای پێنج ساڵ كە لە زانكۆ وەرگیراوم و دەوامم كردووە، ئینجا دەمگەڕێننەوە بۆ پۆلی 10".

بەڕێوەبەری قوتابخانەی خاك رۆژی 15-11-2018، بە نووسراوێك داوای لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەربەندیخان كردووە، بڕوانامەی سۆزیار هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەوانیش لە 18ی 11ی 2018، داوا لە زانكۆی سەڵاحەدین دەكەن بڕوانامەی قوتابیەكە بگەڕێننەوە، بۆیە زانكۆی سەڵاحەدین سێ‌ رۆژ دواتر بڕیاری هەڵوەشانەوەی فەرمانی وەرگرتنی سۆزیار لە زانكۆكەیان دەردەكات.

ئەو قوتابییە نزیكەی سێ مانگە گەڕاوەتەوە ماڵەوە و دەڵێت: "بەهۆی هەڵەی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەكەم خوێندنی ئەمساڵی زانكۆم لەدەستچوو، داوای پێكهێنانی لیژنەم كرد، ئەگەر لیژنەكە كێشەكەم بۆ چارەسەر نەكات، لە دادگای كارگێڕیی هەولێر سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەم".

عەدنان عەلی عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ئامادەیی خاك لە دەربەندیخان، سەبارەت بە كێشەی ئەو قوتابییە بە رووداو-ی راگەیاندوه‌: "سۆزیار فێڵی لە ئێمە و كەسوكارەكەشی كردووە، بەڵام نەمانهێشت بەسەریاندا تێپەڕێ، ئەو زانیویەتی وانەی پەڕینەوەی هەیە و تاقیكردنەوەی نەكردووە، بەڵام قسەی نەكردووە".

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی ئەی چۆن ئەوان بڕوانامەكەیان داوەتە قوتابییەكە؟ مامۆستا عەدنان وتی: "یاریدەدەرەكەم لەبیری چووە كە پەڕینەوەی هەیە و بڕوانامەكەی داوەتەوە، دوای هەفتەیەك هات و وتی بڕوانامەی قوتابییەكم داوەتەوە كە وانەی پەڕینەوەی هەبووە، بۆیە دەستبەجێ سەرووی خۆمان ئاگاداركردەوە".

بەڕێوەبەری قوتابخانەكە دەشڵێت: "هەر ئەوكاتە كەسوكاری قوتابییەكەمان ئاگادار كردەوە كە بەهۆی كەمتەرخەمی خۆیەوە تاقیكردنەوەكەی نەكردووە، بەڵام ئەوان بڕوانامەكەیان نەهێنایەوە، بۆیە خۆم چوومە هەولێر و بڕوانامەكەم لە زانكۆ هێنایەوە، تەنانەت مافی ئەوەشم پێدا ساڵێكی دیكە لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەربگیرێ".

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی پێشتر تاقیكردنەوەیان بە سۆزیار نەكردووە، مامۆستا عەدنان وتی: "ئەم تۆمارە كە وانەی پەڕینەوەی هەبووە هی سەردەمی من نییە، بەڵكو هی دوو ساڵ و دوو بەڕێوەبەری پێش من بووە، بۆیە ئاگادار نەبووم، من دەمتوانی ویژدان و ئەخلاقی پیشەیی خۆم وەلابنێم و نمرەی بۆ دابنێم بەبێ ئەوەی كەس پێی بزانێ، بەڵام ئەمەم نەكرد، نمرە و تۆمار و بڕوانامە موڵكی گشتییە و دەرچوواندنی قوتابییەكی كەوتوو بە هەدەردانی موڵكی گشتییە، من لەسەر موڵكی گشتی هاتوومە دەنگ و سەرووی خۆم لێ ئاگادار كردەوە".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لیژنەیەكی لەسەر ئەم كەیسە پێكهێناوە، بەرپرسێكی پەروەردەی سلێمانی بە رووداو-ی وت: "لیژنەكە لەسەر بەڕێوەبەر و كارگێڕی قوتابخانە پێكهاتووە، چونكە ئەو داتابەیسەی تۆماری بڕوانامە كە هەیە هەمووی كۆدی خۆی هەیە و تەنیا لەلای بەڕێوەبەری قوتابخانەكە هەیە، بۆیە دەبێت هۆكاری ئەم هەڵەیە بزانرێت و ئیجرائات لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێت كە هۆكاری دروستبوونی كێشەی خوێندكارەكەن".

مامۆستا شاهۆ ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان لەبارەی لیژنەكەوه‌ بە رووداو-ی راگەیاند: "لیژنەكە لەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانە و كارگێڕی قوتابخانەكە پێكهێنراوە و دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە، دواتر راپۆرتی خۆیان بۆ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەرز دەكەنەوە و ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ ئەو كەسانە دەكرێ كە كەمتەرخەم بوون".

لیژنەكە دەستبەكار بووە و هەمووان چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی لیژنەكەن، مامۆستا عەدنان عەلی وتی: "لیژنەكە لەسەر ئێمە پێكهاتووە، هەموو بەڵگەكانمان داوە بە لیژنەكە، ئەوانیش داویانە بە داواكاری گشتی، رۆژی یەكشەممە 10ی شوباتی 2019، داواكاری گشتی من و یاریدەدەرەكەمی بانگ كرد و هەموو روونكردنەوەیەكمان داوە پێیان، چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی ئەوانین".

هــ. ر


PM:12:43:11/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 14564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو