لیژنه‌ی كاروباری ئابووریی عیراق چه‌ند بڕیارێكی ده‌رباره‌ی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ركرد
وێستگه نیوز -
لیژنه‌ی كاروباری ئابووریی عیراق بڕیاری دا به یه‌كخستنی ڕسوومی گومركی له هه‌موو بازگه سنوورییه‌كان به بازگه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه و لادانی هه‌موو خاڵه‌كانی پشكنین و وردبینی له هه‌ریه‌ك له فایده، شێراوه له باكووری كه‌ركوك و له‌یلان له رۆژهه‌ڵاتی كه‌ركوك.
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری عیراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه نیوز كه‌وتووه، رایگه‌یاند كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 16ی كانوونی دووه‌می 2019 د. فوئاد حسێن، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباروی ئابووری و وه‌زیری دارایی عیراق، سه‌رۆكایه‌تیی كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می لیژنه‌ی كاروباری ئابووریی كرد كه به ئاماده‌بوونی وه‌زیرانی پلاندانان و بازرگانی و پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی نیشتمانیی وه‌به‌رهێنان و راوێژكاری ئابووریی سه‌رۆك وه‌زیران و نوێنه‌ری وه‌زیری نه‌وت و د. عه‌لی سندی، وه‌زیری پلاندانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كادیری پێشكه‌وتووی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی بازگه گشتییه‌كان و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتیی گومرك و ژماره‌یه‌ك له راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌ران به‌ڕێوه‌چوو.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ی كاروباری ئابووری چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد، له‌وانه‌ش یه‌كخستنی ڕسوومی گومركی له هه‌موو بازگه سنوورییه‌كان به بازگه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه به هۆی ئه‌و سووده ئابوورییه گرنگانه‌ی له‌م بواره‌دا بۆ هه‌موو عیراق ده‌گه‌ڕێته‌وه و رێكخستن و ئاسانكردنی هاتنی كاڵای پێویست و وه‌گه‌ڕخستنی بازرگانی و یه‌كخستنی مۆڵه‌تی هاورده‌كردن و به‌دیكۆمێنتكردن و پێدانی باوه‌ڕنامه (تصدیق)ی پێویست له‌و بواره‌دا.
هاوكات ئه‌م لیژنه‌یه بڕیاری لادانی هه‌موو خاڵه‌كانی پشكنین و وردبینی دا له هه‌ریه‌ك له فایده، شێراوه له باكووری كه‌ركوك و له‌یلان له ڕۆژهه‌ڵاتی كه‌ركوك، بۆ هاندان و پێشخستنی بازرگانیی ناوخۆ و ئاسانكردنی هاتوچۆی كاڵا له ناوخۆی عێراق.
هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیار درا ڕێوشوێنی بازرگانیكردن به زێڕ و كانزای به‌هادار ڕێكبخرێته‌وه و كار به یاسای وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی عیراق بكرێت له هه‌موو بازگه سنوورییه‌كان بۆ ئاسانكردنی لیژنه هاوپه‌یوه‌ندییه‌كان.
لیژنه‌ی كاروباری ئابووری بڕیاری دا، هه‌موو بازگه سنوورییه‌كان بڕیاری پاراستنی به‌رهه‌می نیشتمانی جێبه‌جێ بكه‌ن و پابه‌ند بن به ساڵنامه‌ی كشتوكاڵی بۆ هاندانی به‌رهه‌می خۆماڵی.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق، ئه‌و بڕیارانه به مه‌به‌ستی به‌هێزكردن و بووژاندنه‌وه و گه‌شه‌پێدانی ئابووری و پاڵپشتیكردنی كه‌رتی تایبه‌ت و ئاسانكردنی رێوشوێنه ئیدارییه‌كان دێت له هه‌موو به‌شه‌كانی ده‌وڵه‌ت و به‌هێزتركردنی بودجه‌ی گشتی به‌و داهاتانه‌ی له ئه‌نجامی ئه‌و بڕیارانه دێنه دی.
ئه‌م بڕیارانه دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه و دیدار هاتن له نێوان به‌رپرسانی په‌یوه‌ندیدار به‌و بواره‌وه له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ.
PM:08:52:16/01/2019
ئه‌م بابه‌ته 2976
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت